سۆراغ؛ زبڵ و خاشاكه‌كه‌ى قه‌سرێ چاره‌سه‌ر ده‌كرێ

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌یه‌كه‌ زبڵ و خاشاكی گه‌ڵاڵه، چۆمان و وه‌رتێ له‌سنوورى ناحیه‌ى قه‌سرێ فڕێده‌درێ و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی و ناڕه‌زایی لاى خه‌ڵكى ئه‌و ناحیه‌یه‌ دروست كردووه‌، به‌ڵام وته‌بێژى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی سۆران ده‌ڵێت “به‌م زووانه‌ چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ین”.

ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ هه‌رچی زبڵ و خاشاكى سنووره‌كانى گه‌ڵاڵه‌، چۆمان و وه‌رتێ هه‌یه،‌ ده‌هێنرێته‌ سنوورى ناحیه‌ى قه‌سرێ، حه‌مه‌د عه‌بدوڵا كه‌ریم دانیشتووى قه‌سرێ ده‌ڵێت “بێزار بووین له‌و زبڵ و زاره‌ى ناوچه‌كه‌مانى ناشیرین كردووه‌”

مام حه‌مه‌د پیاوێكى به‌ته‌مه‌نه‌ و له‌قه‌سرێ ئاژه‌ڵداری ده‌كات، هه‌رجاره‌ى ئاژه‌ڵه‌كانى ده‌باته‌ له‌وه‌ڕاندن، رێگه‌ى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و زبڵخانه‌یه‌ى، كه‌ چۆمان، گه‌ڵاڵه‌ و وه‌رتێ بۆى دروستكردوون، ئەو به‌ تۆڕى 964ـى وت “خه‌ریكه‌ دیمه‌نى جوانى ناوچه‌كه‌مان به‌ فڕێدان و سووتاندنى ئه‌و زبڵ و خاشاكه‌ تێكده‌چێت” داواى كرد چاره‌یه‌كیان بۆ بكه‌ن.

تۆڕى964، چه‌ند جارێك له‌كاتى جیاوازدا په‌یوه‌ندی به‌ شاخه‌وان حوسێن به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى قه‌سرێ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌.

هه‌ژار حه‌كیم وته‌بێژى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران به‌ تۆڕى964 ـى راگه‌یاند، به‌م زووانه‌ ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێ.

هه‌ژار ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد، “چه‌ند گرووپێك راسپێردراون، كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن، به‌شێكیان زبڵ و خاشاكه‌كه‌ لێك جیاده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌شێكیشیان ئه‌و پاشماوه‌یه‌ له‌ناو ده‌به‌ن”.

ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌، ئه‌و حاڵه‌تى زبڵ و خاشاك فڕێدانه‌ له‌ قه‌سرێ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتییه ‌و به‌م نزیكانه‌ كۆتایی دێت دووباره‌ نابێته‌وه‌.