وەزارەتی پێشمەرگە: پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران دەچێتە سەر رێچکەی خۆی

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی پێشمەرگە چەند خشتەیەکی پلە بەرزکردنەوەی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، لەم قۆناغەدا تەواوی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەچێتە سەر رێچکەی خۆیی.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە 13.2.2023، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لەئەنجومەنی وەزیران کار لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەو ئەفسەرانەی پێشمەرگە دەکرێت کە ناویان لەخشتەکانی 2020، 2021 و نەورۆزی 2022 تۆمار کراوە.

بەپێی روونکردنەوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بەهەمان شێوە خشتەی ئەیلولی 2022 و نەورۆزی 2023 بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

“لەم قۆناغە بەدواوە تەواوی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەچێتە سەر رێچکەی خۆی و رێک دەخرێنەوە و بەپێی کات و شایستەیی ئەفسەران، خشتەی پلە بەرزکردنەوە کاری لەسەر دەکرێت،” وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022، وەزارەتی پێشمەرگە پلەبەرزکردنەوەی سێ هەزار و 393 ئەفسەری راگەیاند کە ناویان لە خشتەی ساڵانی 2018 و 2019 تۆمار کرابوو و سەر بە یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە بوون.

پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە دوای راوەستانی بۆ ماوەیەک دەستیپێکردەوە و سەرەتای ساڵی 2021 پلە بەرزکردنەوەی ساڵی 2017 دەستپێکرد.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی  شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی لەسەرە رۆژی یەکشەممە 16.1.2022 دەرچووە،  پلەبەرزکردنەوەی زیاتر لە 5787 پلەدار و پێشمەرگەی راگەیاند.

ساڵانە دوو خشتە لەمانگی ئازار و ئەیلولدا دوو خشتە بۆ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە رێکدەخرێت زۆر جار بەهۆی رێکارە ئیداریی و رۆتینات پلە بەرزکردنەوەکان دوا دەکەون.