778 پزیشکى دانەمەزراو
پزیشکانى دانەمەزراو گردبوونەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ژمارەیەک لە پزیشکانى دانەمەزراو لە هەولێر گردبوونەوە، وێڕاى دامەزراندنیان داواى دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى تەندروستى و نەقیبى سەندیکا پزیشکییەکان دەکەن.
هێلین ئاراس، پزیشکى دانەمەزراو بە 964ـى وت،”ئێمە وەکی ژمارەیەک لە پزیشکانی دانەمەزراو لێرە گردبوینەتەوە، ماوەی ساڵێکە 778 پزیشکی کوردستان دەرچوون و دانەمەزراون، بەپێی نوسراوەکان کە بەدەستمان گەیشتوون هۆکارەکەی وەزارەتی تەندروستییە، چونکە دەیانەوێت کەرتى تەندروستى بەتایبەت بکەن”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، چەندینجار بەڵێنى دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام هیچ بەڵێنێک نەبراوەتەسەر.
لە بەیاننامەیەکیشدا کە بەناوى دەستەى پزیشکانى دانەمەزراو خوێندرایەوە تێیدا ئەم خاڵانە خرانەڕوو:
یەکەم: دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى تەندروستى.
دووەم: گۆڕینى نەقیبى سەندیکا و ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاکان پزیشکان.
سێیەم: دامەزراندنى پزیشکانى دانەمەزراوو.
پیداچوونەوە: وریا فەتاح