چەمچەماڵ
باران و رەشەبا قوتابخانەیەكیان رووخاند
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
قوتابخانەیەك لە گوندی گورگەی کوێخا مارف لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی ئەو شەپۆلەی باوبارانی ناوچەکەی گرتبووەوە رووخا، قوتابییەکانیشی بێ قوتابخانە مانەوە.
شۆرش مەعروف کوێخای گوندەکەیە و ئەمڕۆ دووشەممە 5.5.2025 بە 964ی وت، “قوتابخانەکەمان دوێنێ بەهۆی رەشەباوە رووخاوە، كە خۆی قوتابخانەكە دوو كابینەیە و كراوە بە قوتابخانە”.
وتیشی، 14 قوتابی لەوێدا دەخوێنن، بەڵام ئەمڕۆ لە ماڵەوە دانیشتوون و دیارییش نییە کەی دەبێت بگەڕێنەوە.
کوێخا شۆڕش ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا بەڵێنی هیچیان پێنەداون بۆ دروستكردنەوەی قوتابخانەكە، تەنیا پەروەردەی سنوورەکە هاتون زیانەکانیان دیاری کردووە، “داواکارین هاوکاریمان بکەن بە زووترین کات قوتابخانەكە بکرێتەوە”.
دوو سێ رۆژە شەپۆڵێكی باران و خۆڵبارین و بای بەهێز رووی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كردووە و زۆربەی شوێنەكانی گرتووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا