نزیکەی 15 سەر بزنی دیکەش بریندار بوون
لە گوندی سەرانی رواندز شاخێک داڕما و شەش بزنی مردار کردەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە گوندێکی قەزای رواندز، شاخ بەسەر بزنی شوانێک داڕماوە و شەش بزنی مردار کردووەتەوە و نزیکەی 15 سەری دیکەش بریندار بوون، هەر خوا رەحمی کردووە شوانەکەش نەکەوتووەتە ژێر شاخەکە.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 4.5.2025 روویداوە، لە گوندی سەرانی سەر بە قەزای رواندز لە کاتی بارانبارین، شوانێک لە چیای هەندرێن سەرقاڵی لەوەڕاندنی بزنەکانی بووە، شاخەکە بەسەریاندا کەوتووە.
سەنگەر عەلی، ئەو شوانەیە کە رووداوەکەی بەسەردا هاتووە، قسەی بۆ 964 کرد ، “هەر ئەوەم زانی شاخ هاتە خوارەوە، خوا رەحمی پێکردین خۆمان بە سەلامەت دەرچووین و مەترسی لە سەر ژیانمان هەبوو، بەڵام زیانی زۆری بە ئاژەڵەکانم گەیاندووە”.
وتیشی، بەهۆی داڕمانی شاخ شەش سەر بزنم مردار بوونەوە، چوار بزنیشم سەربڕین پێش ئەوەی مردار ببنەوە، نزیکەی 10 بزنی دیکەش بەهۆی بەرکەوتنی بەردی شاخەکە بریندار بوون و بەشێک لە جەستەیان شکاوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر