له‌ كه‌ركوك 50 لیتر نه‌وت به‌ 7500 دینار به‌ هاوڵاتیان ده‌درێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بە هۆی سەرماوە لە شاری كەركوك هەر خێزانێک 50 لیتر نەوتی لە مانگێکدا پێدەدرێت، ئەگەر كەشوهەوا ساردتر بێت ئەگەری ئەوەی هەیە جارێكی دیکەش 50 لیتری دیكە دابەش بكرێت.

وادەی دابەشکردنی ئەو 50 لیتر نەوتە، کۆتایی مانگی شوبات بوو، بەڵام بەهۆی سەرماوە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، وادەکەی پێشخستووە بۆ ناوەڕاستی مانگی شوبات و لەمڕۆوە هاوڵاتیان دەتوانن سوودمەندبن.

بۆ هەر لیترێک لەو نەوتە، بڕی 150 دینار وەردەگیرێت و کۆی گشتی نەوتەکە بایی حەوت هەزار و 500 دینارە، سەرچاوەیەک لە بەرێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك بە تۆڕی 964ی وت.

نەوتەکە لە ئەمڕۆوە لە رێگەی 22 وێستگەی حکومییەوە دابەش دەکرێت و ئەگەر کەشوهەوا بەم شێوەیەی ئێستا  ساردبێت، کۆتایی مانگیش هەمان بڕ بە هەمان نرخ بە هەر خێزانێک دەدرێت.

لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022ەوە تا ئێستا هەر خێزانێک لە کەرکوک بڕی 250 لیتر نەوتی سپی وەرگرتووە.