ئەندامی شاندی ئیمراڵی بوو
سری سورەییا ئۆندەر کۆچی دوای کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
لە زاری تیمە پزیشکییەکەیەوە، میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئەمڕۆ شەممە 3.5.2025، لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردووە.
ئاژانس و میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە زانیارییان لە زاری سەرچاوەکانییانەوە باس کردووە، ئاژانسی ئەنادۆڵو دەڵێ، سری سورەیا ئۆندەر بەهۆی لەکارکەوتنی چەند ئەندامێکی جەستەیەوە لە 18ـیەم رۆژی چارەسەرکردنیدا، لە ئیستەنبوڵ کۆچی دوایی کردووە.
سری سورەییا ئۆندەر، پەڕلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بوو، لەگەڵ دەستپێکردن بۆ هێنانەکایەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەندامی شاندی ئیمراڵی بوو، زوو زوو سەردانی بەرپرس و پارتەکانی دەکرد لەگەڵ هاوکارەکانی و دەچوونە ئیمڕاڵی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان.
رۆژی 28.4.2025، کە 13 رۆژ بوو ئۆندەر لە نەخۆشخانە بێ هۆش لە ژووری چاودێری مابوویەوە، پزیشکەکانی لە روونکردنەوەیاندا رایانگەیاند، بەداخەوە مەترسی لەسەر ژیانی تادێت زیاتر دەبێت.
وتبوویان، 13 رۆژە لە یەکەی چاودێریی چڕدا خەوێندراوە. سەرەڕای ئەوەی بە پشتبەستن بە ئامێری ECMO (ئامێری بووژاندنەوەی ترپەی دڵ) سەقامگیریی دینامیکیی خوێن دەپارێزێت، هاوکات چارەسەری وزەبەخشی بەردەوامیشی پێ دەدرێت، بەڵام بەداخەوە دۆخی هەستیاری دەمارەکانی خراپتر دەبن.
سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە 15.4.2025 تەندروستی تێکچوو، دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە، پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێدایە وتوویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.