رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر کاردەکەن
کرێکارانى عەلوەى هەولێر داواى رۆژێک پشوو دەکەین
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
کارکردنى کرێکارانى عەلوەى هەولێر کە بە گومرگ ناسراوە، هەموو پێوەر و ستانداردە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکانى تێپەڕاندووە، ئەوان هەفتانە حەوت رۆژ و رۆژى لانیکەم 12 کاتژمێر کاردەکەن، هەربۆیە نزیکەى هەزار کرێکار واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن رۆژانى هەینى پشوویان پێبدرێت.
سەرهەنگ سەعید کە کرێکارێکى عەلوەى هەولێرە بە 964ـى وت، “رۆژانە کاتژمێر 4ـى بەیانى تا کاتژمێر 4ـى ئێوارە و هەندێ جار تا کاتژمێر 6ـى ئێوارە کاردەکەین، هەموو رۆژێک ئەمە دووبارە دەبێتەوە، تەنانەت رۆژانى هەینیش دواى نوێژى نیوەڕۆ دەبێت بێینەوە کار بکەین”.
960 کرێکارى عەلوەکە واژۆیان کۆکردووەتەوە و دەیانەوێت پیشانى لایەنى بەرپرسى بدەن و بیکەنە پاڵپشتێکى بەهێز بۆ داواکەیان، تا ئەوانیش رۆژێکیان هەبێت بۆ پشوو و سەردان و ماڵ و مناڵیان.
بەپێى ستانداردە جیهانى نابێت کرێکاران لە هەفتەیەکدا لە 48 کاتژمێر زیاتر کاربکەن، بەڵام بەپێى ئەو زەڕب و تەقسیمەى کرێکارانى عەلوەکە بۆ 964 کردیان، ئەوان نزیکەى دوو ئەوەندن کاردەکەن، چونکە هەفتە هەیە کارکردنیان 90 کاتژمێر تێدەپەڕێنێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح