لە سەردەمی بابانییەکان دروستکراوە
لە رێگەی 964ـەوە نۆژەنكردنەوەی گەرماوە دێرینەكەی كفری رادەگەیەندرێت
964+
محەمەد فاتیح
گەرماوە دێرینەکەی شاری کفری لەم رۆژانەدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردەوەی، ئێستا مەترسی لەسەر هەیە لە ناوجێت و بفەوتێت و بڕوخێت.
بەختیار ئەحمەد سەرۆكی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی گەرماوە دێرینەكەی كفری بۆ 964 ئاشكرای كرد، بۆ ئەوەی گەرماوەكە لە داڕمان و فەوتان پارێزراو بێت، لە 6.5.2025 دەستدەكەن بە نۆژەنکردنەوەی گەرماوی دێرینی شاری کفری کە لە سەردەمی بابانییەکان دروستکراوە.
وتيشى، بە گوێرەی ئەو دەرخستەیەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کفری پێشکەش دەکرێت، بودجەی تەواوی نۆژەنکردنەوەکە لە ئەستۆ دەگرن و رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە قەزای کفری پرۆژەکە رادەگەینرێت.
گەرماوە دێرینەکەی کفری کە بە (گەرماوی پاشا)ش ناسراوە، یەکەم گەرماوە لە سەرتاسەری عێراق کە لە بنەڕەتەوە لە ژێر زەوی دروستکراوە و یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی کفری و دەکەوێتە گەڕەکی (باوە شاسوار)، لە نێوان ساڵەکانی 1850- 1860 لە سەردەمی بابانییەکان دروستکراوە، وەک زانراوە مەجید پاشای بابان دەستی لە دروستکردنی هەبووە، بۆیە گەرماوەکە هەر لەو سەردەمەوە تا ئێستا بە ناوی (گەرماوی پاشا) بەناوبانگ بووە.
کفری شارێکی دێرینی کوردستانە و دەکەوێتە ناوچەی گەرمیانەوە، پێگەیەکی گرنگ و پڕ بایەخی لە مێژوودا ھەیە و خاوەنی چەندین شوێنەواری مێژووییە کە لە چاخ و سەردەمە جیاوازەکاندا دروست کراون.
