بۆ موچە بەکارنەهێنراوە

دارایی عێراق دڵنیایی دەدات لە نەبوونی هیچ كێشەیەكی نەختینەیی لە بانكەكان

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێك باسیان لەوەكرد كە حکومەتی عێراق باڵانسی بانکی رافیدەین و رەشیدی راكێشاوە تاكو كەموكوڕی پارەی نەختینەيى پێ‌ پڕبكاتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتیكردەوە كە ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و مەبەست لێی نانەوەی پشێوییە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت ئەو پارانەی کە راكێشران پارەی خەوێنراوی هاوڵاتیان و باڵانسی بیمەی بانکەکان نیین، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ حیساباتی وەزارەتی دارایی و لەو بانکانەدا دانرابوون، دوای ئەوەی پێداویستییەكانی پێ‌ پڕكرایەوە و بەپێی ڕێنماییە دارایی و کارگێڕییەکان گواسترایەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا تەرخان بکرێتەوە.

دڵنیاییشیدا بانکەکانی رافیدەین و رەشید خاوەنی نەختینەیی بەرز و یەدەگی نەختینەییان زیاترە لەوەی کە بانکی ناوەندی دیاریی کردووە و بە بەردەوامی خەرجکردنی مووچە و داراییکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن و یەدەگی یاسایی بانکی رافیدەین لە بانکی ناوەندی لە ئێستادا نزیکەی نۆ ترلیۆن دیناری عێراقییە، ئەمەش گوزارشتە لە بەهێزی پێگەی دارایی بانکی رافیدەین.

چەند پەرلەمانتارێكی عێراق بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاندبوو حکومەتى عێراق بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەمیی نەختینەیی، پەنای بۆ راكێشانی یەدەگی بانکی ڕافیدەین بردووە، هاوشێوەی چەند وڵاتێكی تر كە داڕمانی بانكییان بەخۆوە بینیوە.