سەرى بەرپرسانى زیندانی حیللەیان بە قوڕدا کرد

دوو زیندانییە هەڵاتووەکە دەستگیرکرانەوە

964+

محەمەد فاتیح

دواى ئەوەى دوێنێ دوو زیندانى لە چاکسازى حیللە هەڵهاتن، ئەمڕۆ دەستگیرکرانەوە، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەش دەستبەکاربووە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانى زیندانەکە دەکەن.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بە 964ـى وت،”رووداوەکە لە شارى حیللەى ناوەندى پارێزگاى بابل بووە، دوو زیندانى لە چاکسازى پارێزگاکە هەڵهاتن کە یەکێکیان بە تاوانى مادەى هۆشبەر بە حەوت ساڵ زیندانى حوکمدراوە و ئەوەى تر بە تاوانى دزیکردن شەش مانگ زیندانى بەسەردا سەپێندراوە.

ئەمڕۆ شەممە 3.5.2025، خاليد شوانی وەزیری دادی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیيدا وتی،” دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر هەڵهاتنى دوو سزادراو لە چاکسازیی حیللە لە پارێزگای بابل و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، راستەوخۆ بەرەو زیندانەکە رۆیشتین و پاشان لە دوای هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان لە پارێزگای بابل، شانەیەکی ئەمنی هاوبەش پێکهێنرا بۆ دۆزینەوەی هەڵهاتووەکان و لە ماوەیەکی پێوانەییدا دەستگیرکرانەوە”.

روونیشیكردەوە وەزارەتی داد کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتووەتەبەر، لەوانە دەرکردنی بەڕێوەبەری زیندان و یاریدەدەرەکانيی و ستافی کارگێڕی و هەموویان لە ژێر لێکۆڵینەوەدان و لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد پێکهێنرا و دەستی بە ئەرکەکانی کرد و کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتەبەر، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە ئەنجامی کۆتایی رادەگەیەنرێت.

رۆژی هەینی رابردوو 964 ڤیدیۆی هەڵاتنی دوو سزادراوی زیندانی چاكسازی حیلەی بڵاوكردەوە و سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ تۆڕەكەمانی ئاشكراكرد یەكێكیان بە تاوانی مادەهۆشبەرەكان بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە و ئەوی تریشیان بە تاوانی دزیكردن بە شەش مانگ زیندانیكردن سزادراوە.

چیرۆکى هەڵاتنى زیندانییەک و فێستیڤاڵى هەنار و دەستگیر...

چیرۆکى هەڵاتنى زیندانییەک و فێستیڤاڵى هەنار و دەستگیرکردنى دارەمەیت دزەکە