رۆژنامەنوسێکە لە کاتى رووماڵکردنى خۆپیشاندانێک کڵاوەى سەلامەتى لەسەرناوە
ترەمپیش توندى کردووە
“ئەفغانستان خراپترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنوسان”
964+
وریا فەتاح
سبەینێ 3ـى ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە، بەپێى راپۆرتێکى ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ئەفغانستان خراپترین وڵاتە و تاڵیبان هەڕەشەى تۆقاندنى لە 336 رۆژنامەنوس کردووە، هەر بەپێى راپۆرتەکە دۆناڵد ترەمپ بەرەو بەرتەسکبوونەوەى ئازادى رۆژنامەگەرى هەنگاو دەنێت.
لە بیلاروس شتێک نییە بەناوى ئازادى رۆژنامەگەرى
بەپێى راپۆرتەکە، لە سەرانسەری جیهاندا، رۆژنامەنووسان بەهۆى کارەکانیانەوە بێدەنگ دەکرێن و دەخرێنە زیندان و بێسەروشوێن دەکرێن، لە گواتیمالا تا ئەمریکا، رووسیا تا پاکستان، حکومەتەکان تادێت پەنا بۆ پراکتیزەکردنی تاکڕەوانە دەبەن و یاسا ناڕوونەکان و سیستەمی دادوەری و هێزی دڕندانە چەکدار دەکەن بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری.
وەک باسى دەکات، ئەم هێرشانە بۆ سەر رۆژنامەنووسان رووداوی نادیدەکراو نین، زۆرجار لە ناوەڕۆکی ستراتیژییە بە ئەنقەستەکاندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ.
ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتەکەیدا روونى کردووەتەوە، حکومەتەکان دەبێت میدیای ئازاد و سەربەخۆ بەرەوپێش ببەن و بیپارێزن و شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری زۆرترین بێت نەک سنووردارکردنی.
پێى وایە، دۆناڵد ترەمپ هەنگاوی جۆراوجۆری ناوە بۆ سنووردارکردنی مافی ئازادی رادەربڕین و سنووردارکردنی ئازادی رۆژنامەگەری بە شێوەیەکی ناڕەوا، لەوانە دیاریکردنى کام دەزگا کە دەتوانێت کۆشکی سپی رووماڵ بکات یان پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، سکاڵای لەسەر دەزگاکانی میدیایی سی بی ئێس نیوز تۆمار کردووە بەهۆى ئەوەى لەبڵاوکردنەوەى شتێکدا هاوڕا نەبووە، ئەوە جگە لەوەى رێگرى لە ئەسۆشێتد پرێس کردووە کە رووماڵی ڕووداوەکانی کۆشکی سپی بکات، چونکە لەگەڵ بڕیارە سەرنوسەرییەکەیدا نەبوو کە لەبری “کەنداوەکانی ئەمریکا” “کەنداوەکانی مەکسیک” بەکاربهێنێت.
ئەفغانستان مۆتەکەى رۆژنامەنوسان
لەوەڵامى ئەوەى بۆچى ئەفغانستان خراپترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنوسان؟، ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ بەم شێوەیە وەڵامى داوەتەوە،”تاڵیبان بێ وەستان بەردەوامە لە سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین بە قەدەغەکردنی چالاکی دەزگاکانی راگەیاندن و سنووردارکردنی بەرنامەکانیان و راگرتن و ئەشکەنجەدانی نایاسایی رۆژنامەنووسان بەهۆی ئەو راپۆرتانەی کە رەخنە لە سیاسەت و رێسا توندڕەوەکانیان دەگرن. بۆ نموونە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024دا، یونامی باسی بەکارهێنانی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی دیکەی ئارەزوومەندانە و هەڕەشە و تۆقاندنی لە دژی 336 رۆژنامەنووس و کارمەندی میدیا لە نێوان مانگی ئابی 2021 و ئەیلوولی 2024دا کرد”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەدواى گەڕانەوەى تاڵیبان لە ساڵى 2021، بەهۆى رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانیان، تاڵیبان زۆرێک لە دەزگا راگەیەندنەکانى وڵاتەکەى قەدەغەکردووە و ئەوەشى ماوەتەوە سنووردارى کردوونن تەنانەت ئەو شرۆڤەکار و رۆژنامەنوسانەى بەسەرداسەپاندوون کە هاوکارییان دەکەن.
سنووردارکردنەکانى تاڵیبان بەپێى راپۆرتەکە ئەمانەن:
یەکەم: قەدەغەکردنى بەرنامەى راستەوخۆى گفتوگۆى سیاسى
دووەم: سنووردارکردنى ئەوەى کێ دەتوانێت بەشدارى چاوپێکەوتنەکان بکات و پێویستە چى بڵێت.
دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست چۆنە؟
“لە بەشێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و لە ئاسیای ناوەڕاست، ئازادی میدیا بەردەوام لە دابەزیندایە لە نێوان پەرەسەندنی سانسۆر و سەرکوتکردنی دەنگە سەربەخۆکان. حکومەتەکان زیاتر یاسای چاودێری نایاسایی و خراپ بەکارهێنانی بەکاردەهێنن بۆ سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین”، لە راپۆرتەکەدا واباشکراوە.
هەروەک جەختیش لەوەکراوەتەوە کە لە بێلاڕووس ئازادی میدیا بە کردەوە بوونی نییە، جگە لەوەش 40 رۆژنامەنوس لە زیندانەکان ماونەتەوە
دۆخى ئازادى رۆنامەنوسان لە بەشێک لە وڵاتانى دیکە بەپێى راپۆرتەکەى ئەمنیستى ئینتەرناشناڵ:
جۆرجیا:
رۆژنامەنوسان لە هێڵى پێشەوەى هێرشەکانى حکومەتن بۆسەر ناڕەزایەتى ئاشتیانە و پۆلیس بە تایبەت رۆژنامەنوسانى کردووەتە ئامانج تا نەتوانن رووماڵى ناڕەزایەتییەکان بکەن.
گواتیمالا:
دەسەڵاتدارانی گواتیمالا بە یاسا کار لەسەر بێدەنگکردنى رۆژنامەنوسان دەکات بەتایبەت ئەوانەى باسى گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات دەکەن. بۆنمونە رۆژنامەنووس خۆسێ روبێن زامۆرا زیاتر لە 1000 رۆژ بە ناڕەوا گۆشەگیری بەسەر بردووە بەهۆی ئەوەی راپۆرتی لەسەر گەندەڵی حکومەت کردووە. دوای مانەوەی 800 رۆژ لە زیندان لە نێوان مانگی تەمموزی 2022 تا تشرینی یەکەمی 2024، لە مانگی ئازاری 2025 رەوانەی زیندان کرایەوە.
پاکستان:
تۆماری پاکستان لە مافەکانی مرۆڤ لە مێژە بەهۆی بەکارهێنانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و سەرکوتکردنی چالاکوانان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ کە دەوێرن قسە بکەن و ڕەخنە لە حکومەت بگرن، پیس بووە.
لە ساڵی 2024دا لانیکەم حەوت رۆژنامەنووس لە ئەنجامی هێرشە ئامانجدارەکان لە پاکستان کوژران، ئەوە جگە لەوەى لە 2011ـەوە بەلاى کەمەوە 10 هەزار و 78 حاڵەتى بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە پاکستان تۆمارکراوە.