رێگەی دۆڵی خەلەکان وێنە: سۆشیاڵ میدیا
هەڕەشەی خۆپێشاندان دەکەن
دانیشتووانی خەلەکان دوا ئاگاداری دەدەن بە حکومەت
964+
ژێوار خدر
دانیشتووانی خەلەکان ئاگاداری بۆ حکومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەنێرن، ئەگەر کار کردن لە پڕۆژەی رێگەی رانیە – دوکان دەستپێنەکاتەوە، خۆپیشاندان و گردبوونەوە دەستپێدەکەنەوە.
محەمەد حسێن، دانیشتووی خەلەکانە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئەو بەڵێنەی پێماندرا بوو بۆ تەواو کردنی رێگەکە نەبرایە سەر و دووبارە کار کردن وەستاوە و کۆمپانیای جێبەجێکاریش پڕۆژەکەی جێهێشتووە.
وتیشی، دەبینین هەرچی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی ناوچەکانی دیکە کاریان لێدەکرێت و هیچ کێشەیەکیان نیە، بەڵام کار لەوەی ئێرە ناکرێت، ئەوە جگە لەوەی گوایە ئاڵوگۆڕی کۆمپانیا دەکرا، بەڵام کۆمپانیای پێشوو پڕۆژەکەی جێهێشتووە و هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەهاتووەتە شوێنی.
باسی لەوەشکرد، ئەمە دوایین ئاگادارییە بۆ حکومەتی هەرێم و ئەگەر دەست بە پڕۆژەکە نەکرێتەوە، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکەینەوە بە خۆپیشاندان و مانگرتن و رێگەکەش دەگرین.