بەڵێننامە لە خاوەن ئاژەڵەكان وەرگیراوە
رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر كە ئاژەڵ بەرەڵا دەكەن
964+
محەمەد فاتیح
ماوەیەكە دیاردەی بەڕەڵاكردنی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتێک بۆ دەستبەسەرداگرتنى ئاژەڵى بەرەڵا لە سەیدسادق بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە لەماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا هۆبەى زیادەڕەوى و باخچەکانى سەرۆکایەتى شارەوانى سەیدسادق هەڵمەتێکیان بۆ دەستبەسەرداگرتنى ئاژەڵى بەرەڵا لە گۆڕستان و ناوەندى شارۆچکەکە جێبەجێکرد.
وتيشى هەڵمەتەکە بە هاوکارى و پاڵپشتى بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سەیدسادق جێبەجێکرا و تیایدا بەڵێننامە لە خاوەن ئاژەڵەکان وەرگیرا کە چیتر ئاژەڵ و مەڕوماڵات بەرەڵای ناو شار و شاخ و گۆڕستانەکان نەکەن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سەرەڕای ئەوەی هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان بە دەست سەگی بێلانەوە دەناڵێنن، لە ئێستادا ئاژەڵی بەڕەڵاش تا رادەیەك هەراسانی كردوون و پێش ماوەیەك لە رێگەی 964وە ئاژەڵدۆست و ژێنگە پارێزان گلەیی ئەوەیان هەبوو كە چەند ئەسپێكی بەرەڵا بوونەتە هۆی پەشێویی و داوایان لە خاوەنەكانیان كرد كۆنتڕۆڵیان بكەن و بییانپارێزن، هەر بۆ ئەم مەبەستەش و لە درێژەی هەوڵی لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆیی، رۆژی 25.5.2023 لە ناو گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا دەست بەسەر ژمارەیەک ئاژەڵی گەورەدا گیرا.
بە وتەی سلیمان محەمەد سەعید قایمقامی قەزای دەربەندیخان بۆ 964 “ئاژەڵەکان ببوونە هۆی بێزاری هاوڵاتیان و زیان گەیاندن بە پارک و سەوزاییەکانی قەزاکە”.
دیاردەى ئاژەڵى بەرەڵا لەبەشێک لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان بوونى هەیە و کۆنتڕۆڵنەکراوە، لەکاتێکدا ئەو دیاردەیە سیمایەکى ناسەردەمى دەبەخشێ و رۆڵى لەتێکدانى خزمەتگوزارییەکاندا هەیە بەتایبەت له رووپۆشى سەوزایی.