یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی، فۆتۆ: 964
"داوای كەمكردنەوەی سزاكان دەكەن"
چوار یانەی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەن
ئەرسەلان عەبدوڵا
یانەكانی كوردستان داوای پێداچوونەوە بە سزاكانیان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی دەكەن و سكاڵاش لەسەر میدیاكارێك تۆمار دەكەن.
بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش سەردار ئیمساعیل ئەمڕۆ چوارشەممە 30.4.2025 بە 964ی راگەیاند، پێشوازییان لە نوێنەرانی هەر چوار یانەی كوردستان، بەشدار لە خولی ئەستێرەكانی عێراق كرد و لە بارەی دوو بابەتی گرنگ كۆبوونەوە.
وتیشی، نوێنەری یانەكانی زاخۆ، نەورۆز و هەولێر و دهۆك لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشەوە داواكاری پێشكەش بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەكەن، كە چاو بەو سزایانەدا بخشێننەوە، كە بەسەر چەند یانەیەك لەوانە سەپێنراوە، بە تایبەتی یانەكانی نەورۆز و زاخۆ.
“بڕیارمان دا نووسراوی فەرمی پشتگیرییان بۆ بكەین و لای خۆشمان وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش، پەیوەندی بە فیدراسیۆنەوە دەكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە”، سەردار ئیسماعیل وای وت.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەو سووكایەتییانەی میدیاكارێكی عێراقی لە یەكێك لە كەناڵەكانی بەغدا، كە دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی یاریگەكانی كوردستان سووكایەتی و قسەی نەشیاوی بە هەرێمی كوردستان و یانەكان و خەڵكی كوردستانیش كردووە.
سەردار ئیسماعیل وتی، بە پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش هەرچوار یانەكە لە دادگای رەسافە لە بەغدا، سكاڵایەكی یاسایی و مەدەنی لەسەر ئەو میدیاكارە و كەناڵەكەی تۆمار دەكەن، هەروەها وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش سكاڵایەكی فەرمی لەسەر ئەو میدیاكارە و كەناڵەكەی تۆمار دەكەن، كە بێڕێزیی زۆری بە هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیان و وەرزشی كوردستانیش كردووە”.
دوای رووداوەكانی یاریی نەورۆز و زاخۆ لە سلێمانی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەردوو یانەی بە قورسی سزادا و جەماوەری هەردوو یانەشی تا كۆتایی وەرز لە یاریگەكان دوورخستەوە.
هەروەها لە یاریی هەولێر و شوڕتە لە هەولێر، هەندێك كێشە روویدا و ئەگەری هەیە یانەی هەولێر سزابدرێت.
هاوكات دوای ئەو رووداوانە میدیاكارێكی كەناڵێكی عێراقی، هێرشی زۆری كردە سەر هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێم و هەروەها وەرزش و یانەكانی كوردستان و دوور لە ئیتیكی رۆژنامەوانی وشەی نەشیاوی بەكارهێنا.