فرۆشیارێک لە هەولێر

گۆرانی دەڵێت و کوبە دەفرۆشێت

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

ماوەی پێنج ساڵە عارەبانەی کوبەی هەیە و باوک و باپیریشی هەر ئەوە کاریان بووە، ماوەیەکیشە بۆ راکێشانی سەرنجی هاوڵاتییان دەستی داوەتە گۆرانی وتن و بەدەم گۆرانییەوە کوبەکانی دەفرۆشێت و دیارە ئەمەش کاری خۆی کردووە، چونکە کڕیارەکانی زیادیان کردووە.

عەبدوڵا شیار، خاوەنی عەرەبانەی کوبەکەیە و بە 964ـی وت، ” بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیارەکان گۆرانی دەڵێـم و لە رێگەی تیکتۆکەوە ئەو کارەم بینیوە و پێم جوان بووە و پێمخۆش بووە خۆشم دووبارەی کەمەوە.”

وتیشی، “کڕیاران داوام لێدەکەن گۆرانیان بۆ بڵێم، لەسەر ئەو کارەش قسەی زۆرمان پێدەگوترێت، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین، ئەو کوڕەی کە پێشتریش لێرە لەگەڵمان چەپڵەی لێدەدا ئێستا وازی لەکارەکەی هێناوە چونکە قسەی زۆریان پێوتووە.”

پێداچوونەوە: ژێوار خدر