ستایلی چوار پارچەکەی لێیە
ئەمڕۆ و سبەی فێستیڤاڵی شاڵ و شاپکە لە زاخۆ
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بۆ سێیەم ساڵ، لەدوای یەک فێستیڤاڵی شال و شەپک و جلی کوردی لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە بەشداری نمایشکار و تەماشاکاری هەر چوار پارچەی کوردستان و لە پردی دەلاليش بەرێوەدەچێت.
ئەمڕۆ و سبەی فێستیڤاڵەکە بەردەوام دەبێ، جگە لە نمایشی شال و شەپک، چەند چالاکییەکی هونەری و گۆرانی و میوزیک پێشکەش دەکرێن.
شەماڵ جەبار، دانیشتوویەکی شاری هەولێرە و بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە و بە 964 وت، گرنگە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە لە تەواوی شارەکانی کوردستان ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی چۆنیەتی دروستکردن و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و رەنگ و شێوازەکان بزاندرێن.
سۆمبول شاجایی، ژنێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە 964 وت، زۆر دڵخۆشم کە بەشداریم لە فێستیڤاڵەکە کردووه، زۆر گرنگە بەشێوازێکی زانستی لە جلوبەرگی کوردی تێبگەین، چونکە من بەشداری زۆرم کردووە لەسمینار و پانێڵی جلوبەرگی کوردی، ئەمرۆش جلی مەهابادیم پۆشیوە و لەباشورم.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهار، فێستیڤاڵی جلوبەرگی کوردی بۆ چوار پارچەکەی کوردستان بە بڕگەی جیاجیا رێکدەخات و هاوڵاتیانیش، بە پەرۆشەوە بەرەو پردی دەلال دەڕۆن بۆ بینینی دیمەنە جوانەکانی ناو فێستیڤاڵەکە.
شال و شەپک، كه ناوى فێستیڤاڵهكهى زاخۆیه بۆ جلی کوردی، بریتییه لە جۆرێک جلی کوردی پیاوان کە ناوچەی کرمانجی سەروو لەبەری دەکەن، بهشی زۆریشیان له خوڕى مهڕ و مهرهزى بزن قوماشهكانیان تهون دهكرێت و دروست دهكرێن.
پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا