رووباره‌كه له شانه‌ده‌ر پاككرایەوە
بارانى زۆر دنیایه‌ک پاشماوه‌ى له باكوورى كوردستانه‌وه هێنایه باشوور
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌هۆى بارینى بارانێكی زۆر ئه‌و رووباره‌ى له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باكوورى كوردستانه‌وه دێته ناو باشوور و به به‌شێكى ئیداره‌ى سۆران به سنوورى بارزان تێده‌په‌ڕێت، دنیایه‌ك پاشماوه‌ى جۆراوجۆرى له‌گه‌ڵ خۆى هێنابوو، به‌ڵام له‌لایه‌ن چه‌ند تیمێكی جیاوازه‌وه له شوێنێكی مه‌ند، رووباره‌كه پاككرایه‌وه.
ملازم سدیق حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى هۆشیاری و راگه‌یاندنى به‌تالیۆنى ژینگه‌پارێزى بارزان، به 964ـى وت، بارانى زۆر ئه‌و پاشماوانه‌ى له ناوچه‌كانى باكورى كوردستانه‌وه هێنابووه سنووره‌كه‌یان و ئه‌وانیش له نزیك شانه‌ده‌ر رووباره‌كه‌یان له‌و پاشماوانه پاككرده‌وه.
تیمه‌كانى بەرگریی شارستانیی سۆران، مێرگەسۆر، خەبات و کەلەک هه‌ماهه‌نگی به‌تالیۆنه‌كه‌ى بارزان بوون بۆ چاككردنه‌وه‌ى رووباره‌كه.
وتیشی، “به‌درێژانى نزیكه‌ى 60 مه‌تر رووباره‌كه له‌و پاشماوانه پاككرایه‌وه كه زۆربه‌ى پاشماوه‌كان بریتی بوون له ده‌بى ئاو، نه‌عل و چه‌ند مادده‌یه‌كی دیكه‌ى پلاستیكى”.
زیاتر له 15 عه‌لاگه ده‌به و نه‌عل و شتى دیكه‌یان له‌ناو رووباره‌كه كۆكردووه‌ته‌وه، كه هه‌ر عه‌لاگه‌یه‌ك نزیكه‌ى 20 كیلۆگرام ده‌بێت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئاوى ئه‌م رووباره هێشتا روون نه‌بووه‌ته‌وه، تا باران به‌رده‌وام بێت هه‌ر به شێلویی ده‌مێنێته‌وه.