جەژنی قوربان نزیکە و تای خوێنبەربوونیش مەترسییە
داوا دەکرێت فەتوایەک بۆ ئەو ئاژەڵانە دەربکرێت کە گەنەیان پێوەیە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
جەژنی قوربان نزیکە و مەترسی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە ئارادایە، بۆیە پسپۆڕێکی ئەو بوارە هۆشداری لە کڕینی هەموو گۆشتێک دەدات و دەڵێت، با هاوڵاتیان تەنیا گۆشتی سووری مۆرکراو بکڕن.
د. عوسمان جەمال پسپۆڕی نەخۆشییە درمییەکان بە 964ـی وت، “بەنزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان، دەبێت گومانمان لەو ئاژەڵانە هەبێت کە گەنەیان پێوەیە و پێویستە زانا ئاینییەکانیش فەتوایەک لەسەر ئەو ئاژەڵانە دەربکەن و رایبگەیەننن نەشیاون بۆ سەربڕین”.
باسی لەوەشکرد، هەرچەندە تای خوێنبەربوون بە ئاسانی ناگوازرێتەوە، بەڵام هەر یەکە لە گەنە و مێشولە دەتوانن هۆکار بن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، تا ئێستا 26 کەس لە سەرتاسەری وڵات تووشی تای خوێنبەربوون بوون و پینج کەسیش بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە، کە چوار کەسیان لە کەرکوک و کەسێکیش لە موسەنا بووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری