تیمەکانى سەرژمێرى و گەمارۆسازى...وێنە: قایمقامییەتى پێنجوێن
پلاندانانی عێراق دەرئەنجامی سەرژمێری كوردستان بۆ 964 ئاشكرا دەكات
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان بە كەركوكیشەوە بەشداریان لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی كرد، وەزارەتی پلاندانانی عێراق سوودەكانی ئەو بەشداریكردنە دەخاتەڕوو.
عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق تایبەت بە 964ـى وت،”خەڵكی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هاوڵاتیانی عێراق بە رێژەیەكی زۆر بەرز بەشداریان لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی عێراقدا كرد، تەنانەت گوندنشینەكان و ناوچە شاخاوییە دوورە دەستەكانیشی بەشدارییان تیاییدا كرد”.
ئەو زیاتر رونكردنەوەیدا و باسی لە سوودەكانی ئەم پڕۆسەیەی كرد بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت، مەبەست لە سەرژمێریەكە ئەوەیە كە واقیعی هەرێم و نەرێنییەكانی بزانین و بۆشایەكانی گەشەكردن دەستنیشان بكەین بە مەبەستی چارەسەركردنیان، هەرچى شوێنێكیش بە چڕی بەشداری نەكردبێت كێشە و گرفتەكانیان روون و ئاشكرا نابێت و چارەسەركردنیان قورس دەبێت.
وتيشى بەپێی ئەنجامی ئەو سەرژمێرییە پلانی نوێى دوور مەودا دادەڕێژین، بە مەبەستی چارەسەركردنی هەموو بۆشایەكانی گەشەكردن و هەموو پلانەكانیشمان بە یارمەتی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و دەستەی سەرژمێری و وەزارەتی پلاندانانی كوردستان دادەڕێژین و هەرێمی كوردستانیش بێ بەش ناكەین لە پڕۆژەكانی داهاتوومان هاوشێوە پارێزگاكانی عێراق.
دوای نزیكەی 40 ساڵ، رۆژی 20.11.2024 پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لەعیراق و هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد و له 14.12.2024 پڕۆسەكە بەسەركەوتویی كۆتایی پێهات.