نزیک بووەتەوە
لە گوڵاڵە یەکەم حاڵەتى تاى خوێنبەربوون تۆمار کرا
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
لە ناحیەى گوڵاڵە (جەلەولا)، کە دەکەوێتە باشورى قەزاى خانەقین، یەکەم حاڵەتى تاى خوێنبەربوون تۆمار کرا.
توشبوو پیاوێکى تەمەن 35 ساڵە و تەندروستى باشە و گۆشت لە کوشتارگەکان دەگوازێتەوە
فارس عەزاوی بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی تەندروستی دیالە بە 964ـى وت،” توشبووەکە پیاوێکی تەمەن 35 ساڵە کە کارى گواستنەوەی گۆشت دەکات لە کوشتارگەوە بۆ قەسابخانەکان”.
دەشڵێت: پاش تەواوبوونی تەواوی پشکنینەکان، دەرکەوت کە هەڵگری نەخۆشیەکەیە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەعقوبە لە شوێنێکی تایبەت دانراوە.
لەبارەى دۆخى تەندروستى توشبووەکە، عەزاوى ئاشکراى کرد کە تەندروستى زۆر باشە و تیمەکانى تەندروستى چارەسەرى پێویستیان بۆى کردووە.
هەر ئەمڕۆ تیمەکانی تەندروستی لە گوڵاڵە بەوپەڕی توندییەوە سەرجەم دوکان و قەسابخانەکانی ناو شاریان پشکنى و لە ئەنجامدا زیاتر لە 100 کیلۆ گۆشت دەستی بەسەردا گیراوە کە بۆ خواردن نەشیاو بووە و هەروەها قەسابخانەیەکیش داخراوە.
هەرچەندە ئەم توشبووە بە فەرمی یەکەمین کەسە کە داخلی نەخۆشخانەکە بکرێت، بەڵام ئەوەی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ئاماژەی بۆ دەکەن، ژمارەی توشبووان زۆر زیاترە بەڵام تا ئێستا تۆمار نەکراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەکە تاى خوێنبەربوون لە کەرکوک بڵاوبووەتەوە و تائێستا دوو کەس لە کەرکوک بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح