سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دەستگیركردنی هەیە لەلایەن عێراقەوە
سودانی داوا لە شەرع دەكات سەردانی بەغدا بكات
964+
محەمەد فاتیح
هەرچەندە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بەڵام محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لێكردووە سەردانی بەغدا بكات.
سەرۆكایەتی سووریا ئەمڕۆ هەینی 25.4.2025 دووپاتیكردەوە شاندی عێراقی بە سەرۆكایەتی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا باسیان لە هاندانی وەبەرهێنان كردووە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی سوریا لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی گرێبەستی بازرگانی لە كەرتەكانی نەوت و دانەوێڵە كراوە لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ چاودێریكردنی گرێبەستەكان، هەروەها هەردوولا رێكەوتن لەسەر دانانی میكانزمێك بۆ وەگەڕخستنەوەی درەوازەی وەلید كە دەكەويتە سنووری نێوان هەردوو وڵات.
شەرع نامەیەكی دڵنیایی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بە دەست گەیشت كە داوای لێدەكات ئامادەی لوتكەی عەرەبی بێت لە بەغدا.
عێراق رۆژی 17.5.2025ی دیاریكردووە بۆ بەستنی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا، لەكاتێكدا ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، بە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی وتووە ئەحمەد شەرع فەرمانی دەستگیركردنی هەیە.