300 هەزار کەسیش لێی سوودمەند دەبن

بیمەی تەندروستی عێراق هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بیمەی تەندروستی بۆ فەرمانبەرانى عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و وته‌بێژى ده‌سته‌ى بیمه‌ش ده‌ڵێ, هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و لە قۆناغی یەکەمیشدا 300 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن”.

ئیهاب عەبدولكەریم خەڵەف، گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەراگەیەندراوێکدا كە تۆڕى964 بینیویه‌تى، دەڵێ: قۆناغی یەكەمی بیمەی تەندروستی لەڕێگەی فۆرمی ئەلیكترۆنی دەستیپێكردووە و ئەو ئۆرگانانەی دەیانگرێتەوە دەستنیشانكراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، بیمەی تەندروستی هەموو پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ئه‌و بیمەیه‌ بەشدار دەبێت لە پێدانی كرێی پزیشكی بە سوودمەندبوون بە ڕێژەی 90% و ئەو توێژانەی كە توانای لێخۆشبوونیان نییە.

ئه‌و بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی جەختیكردەوە، بیمەی تەندروستی بۆ فەرمانبەر لەسەر بنەمای ناچاری دەبێت و 1%ی مووچەیان بۆ بیمە دەبێت، بەڵام چینوتوێژەكانی دیكە ئارەزوومەندانە دەبێت.

بڕیارە پڕۆژەکە لەماوەی شەش مانگدا جێبەجێ بكرێت، قۆناغی یەکەمیش لەشاری بەغدا بەسەر چەند وەزارەتێک جێبەجێ دەکرێت و  300 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن.

گوتەبێژی دەستە ئه‌وه‌شی ئاشکراكرد “ناو تۆماركردن دەستیپێكردووە، دوای مانگی شەش خزمەتگوزارییەکە پێشکەش دەکرێت، لە قۆناغی دواتردا گشتاندن دەکرێت بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.”

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى964، كه ‌له‌و راگه‌یه‌نراوه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌، پاڵپشتیی دارایی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بریتی ده‌بن له‌ پاڵپشتى دارایی حكومه‌ت و وەرگرتنی 1%ی مووچەی فەرمانبەران و ته‌واوى ئه‌و باجانه‌ش كه‌ لە کارگەکان بازرگانان و باجی هاوردەکردنی خواردنەوە کحوولییەکان، وه‌رده‌گیرێت.

بۆ پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمى خۆتۆماركردن کلیک لەسەر ئەم لینكە بكه‌: