گومانی تای خوێنبەربوونیان لێ دەکرێت
لە گوندێكی كەركوك زیاتر لە 220 سەر گامێش و گوێرەکە مرداربوونەتەوە
964+
كاروان ساڵحی -كەركوك
لە گوندی حاجی حسێنی سەر بە ناحیەی تازە لە شاری كەركوك زیاتر لە 220 سەر گامێش و گوێرەکە مردارەوە بووە ، بە پێ وتەی خاوەنەكانیان هۆكاری مرداربونەوەیان دەگەڕێـتەوە بۆ توشبوونیان بە تای خوێنبەربوون ، ڤێتەرنەری كەركوكیش دەڵێت ناتوانین بڵێن هۆكاری مرداربوونەوەی ئەو ئاژەڵانە بە هۆی تای خوێنبەربوونەوە بووە تاوەكو پشكنینی تەواوی بۆ نەكرێت.
شەمخی حسێن ئاژەڵدارە و بە 964ـی وت، “ئاژەڵكانمان زیانی زۆری بەركەوتووە گوندەكەمان 27 ماڵی تێدایە سەرجەمان گامێش بەخێو دەكەین، زیاتر لە سێ هەزار گامێش دەبێت هەر یەكێمان 25 بۆ 30 گامێشمان مردار بوەتەوە، لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە تاكو ئەمرۆ 220 گامێش مردار بووەتەوە، بەهیچ شێوەیك حكومەت هاوكاری سامانی ئاژەڵ و ئاژەداران ناکات، توشی نەخۆشیەك دەبن قەچاكانیان شەق شەق دەبێـت و زمانیان دەئاوسێت و دێتە دەروە.
فواد زایر گامێشەوانێکی گوندەکەیە بە 964ـی وت، كوشتارگەیەک رێڕەوی خوێی ئاژەڵە سەربڕاوەكان دەكاتە ناو چەمی خاسەوە سكاڵامان لەسەری تۆمار كرد و پاشان خاوەن كوشتارگەكە هات دانیشت لە گەڵماندا و رێكەوتین هەر گامێشێك مردار ببێتەوە بە 500 هەزار دینار قەرەبوو بكرێینەوە.
دكتۆر زیاد عارف نوێنەری نەخۆشخانەی ڤێرتێرنەری كەركوك بە 964ـی وت، ئاگاداری ئەو حاڵەتە نین كە باسی دەكەن، لە راستیدا ئەو رێژەیە زۆرە هەر ئەمرۆ تیمی پزیشكی ناحیەی تازە رەوانەی ئەو گوندە دەكەین، ناتوانین هەر نەخۆشیەك هەبێـت بڵێن تای خوێنبەربوونە دەبێت گۆشەگیر بكرێن و پشكنیان بۆ ئەنجام بدرێت پاشان دەتوانین جۆری نەخۆشیەكە رابگەیەنین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی