براگەورەى درەختەکانى سنوورى سلێمانییە

سورە چنارەکەی چوارتا تەمەنی 450 ساڵە

964+

دیلان محەمەد جەزا

سورە چنارەکەی قەزای چوارتا بە تەمەنترین درەختی سنوری پارێزگای سلێمانی دادەنرێت و تەمەنی نزیکەی 450 ساڵە.

هەژار عەبدوڵا سەرۆکی رێکخراوی ژینگەدۆستی بە 964ـى وت، سورە چنارەکەی قەزای چوارتا بە تەمەنترین درەختی سنووری پارێزگای سلێمانیە و بەپێی گێڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە تەمەنی 400 بۆ 450 ساڵ دەبێت، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوەى لەسەر نەکراوە”.

باسی لەوەکرد، هەندێک لە گێڕانەوەکان دەڵێن تەمەنی نزیکەی 700 ساڵ دەبێت و لە رابردوودا حکومەتی بەعس هەوڵی لەناوبردنی داوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 14 درەختی بە تەمەن دیاریکراوە و ئەو سورە چنارە براگەورەیانە.

سورە چنارەکە دەکەوێتە بەردەم فەرمانگەی ئاوی چوارتا.

چنار دارێکی باڵابەرزی توێکڵ چەرمووە لە تیرەی چنارەکانە، داری چنار زۆر بەکەڵک و خۆڕاگرە و بۆ سازکردنی ماڵ، دەرگا و کەرەستەی ناو ماڵ و شتی دیکە کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

بە پێی دابەشکردن، چنار 15 جۆری ھەیە و ئەم جۆرانەی لە کوردەواریدا ناسراون ئەمانەن: تەبرێزی، سپی چنار، سوورەچنار، چناری جەوھەردار، کوڵکەچنار یان کۆڵکەچنار (ئەمەیان جۆرێکی خراپی چنارە).

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

رواندز بە دەم موزیکەوە

رواندز بە دەم موزیکەوە "چنار"ى چاند