یه‌كه‌مجاره له عێراق رووده‌دات
دوای 50 ساڵ موڵكه زه‌وتكراوەکان بۆ ئێزیدییه‌كان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
دوای نیو سه‌ده، موڵك و ماڵه زه‌وتكراوه‌كان بۆ ئێزیدیه‌كان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه، ئه‌مه قسه‌ى وته‌بێژى حكومه‌تى عێراقییه و موڵك و ماڵی ئه‌و ئێزیدیانه ده‌گرێته‌وه كه له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عس لێیان زه‌وتكرابوو، ده‌شڵێت محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانیش پێشوازی له گه‌ڕانه‌وه‌ی 11 هه‌زار پارچه زه‌وی بۆ ئێزیدیه‌كان ده‌كات له شه‌نگال.
باسم عه‌وادی، وته‌بێژى حكومه‌تى عێراق، له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه ئاژانسی هه‌واڵى عێراق (واع) بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت “حكومه‌ت بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژووی ده‌وڵه‌تی عێراقدا ئه‌م بڕیاره بۆ ئێزدییه‌كان جێبه‌جێی ده‌كات، ئه‌ویش له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌ری بۆ ئه‌م چینه”.
حكومه‌ت جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر به‌دواداچونی راسته‌وخۆی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆ جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ری به‌رامبه‌ر به پێكهاته‌كانی عێراق به‌پێی ئه‌وه‌ی له به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا هاتووه، له‌پێناو لابردنی ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی كه رێگری له به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واكانیان كردوه و سڕینه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی سیاسه‌تی په‌راوێزخستن كه رژێمی دیكتاتۆری له‌ناوچو په‌یڕه‌وی ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی خاوه‌ندارێتیكردنی ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه تایبه‌تن به ئێزدییه‌كان دێت.
وتیشی “پاش ئه‌وه‌ی سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له شه‌نگال پرۆسه‌ی راده‌ستكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی موڵكدارێتی بۆ رۆڵه‌كانمان له پێكهاته‌ی ئێزدی ده‌ستیپێكرد، كه زیاتر له نیو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر له خاوه‌ندارێتی ماڵه‌كانیان بێبه‌شكرابوون، سودانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پرۆگرامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ نیشته‌جێبوونی مرۆیی (هابیتات) سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌كان و فه‌رمانگه و دامه‌زراوه حكومی و ناحكومییه‌كانی ده‌ربڕی و جه‌ختی له به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه كردوه تاوه‌كو ته‌واوكردنی هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌كانی خاوه‌ندارێتی له هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كانی ئێزیدییه‌كان كه ژماره‌یان ده‌گاته هه‌ر 11 كۆمه‌ڵه‌ی نیشته‌جێبون”.
عه‌وادی ئاشكراشی كردووه، ده‌ركردنی هه‌زاران نوسراو و به‌ڵگه‌نامه‌ی خاوه‌ندارێتی بۆ ئێزدییه‌كان له شه‌نگال به‌شێكه له بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ خێراكردنی پرۆسه‌ی خاوه‌ندارێتی كردنی خانوه‌كان له باكور و باشوری چیای شه‌نگال، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ڕژێمی پێش‌و له ساڵی 1975 تاوانی روخاندنی زیاتر له 146 گوندی ئێزدی و تێكدانی باخه‌كانی رۆله‌كانی گه‌لی ئێزدی ئه‌نجاندا، جگه له وێرانكردنی سه‌دان بیر و كانیاو.
له سنوورى شنگال ده‌ست به هه‌ڵدانه‌وه‌ى چه‌ند گۆڕێكی نوێی به كۆمه‌ڵ ده‌كرێت