تایبه‌ت به‌ تۆڕی 964

لوئه‌ی سه‌ڵاح له‌ وه‌رگرتنی مه‌شقی یانه‌ی هه‌ولێر نزیكه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
یانه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ لوئه‌ی سه‌ڵاح، راهێنه‌ر و یاریزانی پێشووی یانه‌كه‌ی له‌گفتوگۆدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌شقی یانه‌كه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.
دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی غازی فه‌هد له‌ مه‌شقی تیپی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر، یانه‌كه‌ به‌ دوای راهێنه‌رێكی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێت و ئێستا بێ راهێنه‌ره‌.
یانه‌ی هه‌ولێر ئێواره‌ی دوێنێ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی عه‌بدولقادر حوسێن، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی راهێنه‌ری تیپه‌كه‌یه‌، له‌ خولی نایابی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌بێ گۆڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی زاخۆ یه‌كسان بوو.
ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌وه‌ی بۆ تۆڕی 964 پشتڕاستكرده‌وه‌، كه‌ یانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لوئه‌ی سه‌ڵاح له‌ گفتوگۆدایه‌، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كی دیكه‌ی له‌ لا نه‌بوو.
تۆڕی 964 هه‌وڵی دا زانیاریی زیاتر له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ كرد، كه‌ له‌ گفتوگۆیه‌كانی نێوان ئیداره‌ی هه‌ولێر و لوئه‌ی سه‌ڵاح ئاگه‌داره‌.
سه‌رچاوه‌كه‌، كه‌ نه‌یویست ناوی بهێنرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، لوئه‌ی سه‌ڵاح سێ مه‌رجی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یانه‌ی هه‌ولێر هه‌یه‌، ئه‌وانیش وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی خۆی، كه‌ له‌ كاتی یاریزانییه‌وه‌ له‌ لای یانه‌ی هه‌ولێره‌ و هێشتا پێیان نه‌داوه‌.
هه‌روه‌ها خۆی ستافی یاریده‌ده‌ری دیاریی ده‌كات، سێیه‌م مه‌رجیش ئه‌وه‌یه‌ هیچ كه‌سێك به‌ هیچ سیفه‌تێك نابێت ده‌ست له‌ كاروباری هونه‌ریی تیپه‌كه‌ وه‌ربدات.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، لوئه‌ی سه‌ڵاح به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی رازییه‌ مه‌شقی هه‌ولێر وه‌ربگرێت، به‌ڵام پێویستی به‌ گه‌ره‌نتییه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی گرێبه‌ست و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ی.
لوئه‌ی سه‌ڵاح ئێستا راهێنه‌ری یانه‌ی كاره‌بایه‌، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین یانه‌كانی خولی عێراق و ئێستا له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه‌ و ته‌نیا خاڵێك له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دووره‌.
سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی تۆڕی 964 ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، به‌رپرسی یه‌كه‌یه‌كی كارگێڕیی له‌ شاری هه‌ولێر، كه‌ له‌ یانه‌ی هه‌ولێر نزیكه‌، هه‌ر به‌ نیازی یارمه‌تیدانی یانه‌ی هه‌ولێر، په‌یوه‌ندی به‌ لوئه‌ی سه‌ڵاح كردووه‌ و به‌ڵێنی پێداوه‌ داواكارییه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و رازیی بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر.
لوئه‌ی سه‌ڵاح دوو وه‌رز له‌مه‌وبه‌ر مه‌شقی یانه‌ی هه‌ولێری له‌ ئه‌ستۆ گرت، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌ی سزادانی له‌ لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ ماوه‌ی هه‌شت یاری، ناچار تیپه‌كه‌ی جێهێشت.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، لوئه‌ی سه‌ڵاح به‌هۆی قه‌رزه‌كانی له‌سه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر، له‌ دادگا سكاڵای له‌سه‌ر یانه‌كه‌ تۆمار كردووه‌، چونكه‌ 450 ملیۆن دیناری لای یانه‌ی هه‌ولێره‌.
لوئه‌ی سه‌ڵاح، وه‌ك یاریزانیش له‌ ساڵی 2007 له‌ یانه‌ی پێرسپۆلیسی ئێرانییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ خولی عێراق و په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ كرد و تا 2015 به‌رده‌وام بوو، كه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ئاستی خولی نایابی عێراق و جامی یه‌كێتیی ئاسیا به‌شداربوو.