هێڵی ئاسمانی راستەوخۆ كرایەوە

لەمەودوا هەفتانە دوو گەشتی فڕۆكەی هەولێر – ئەسینا هەیە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە رێوڕەسمێكدا بە فەرمی هێڵی ئاسمانیی (ئەیجییەن) كرایەوە، كە گەشتی راستەوخۆی نێوان هەولێر و ئەسینای پایتەختی یۆنان رێكدەخات، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانییش دەڵێت، هەفتانە دوو گەشت لە نێوان هەولێر و ئەسینا دەبێت.

رێوڕەسمەكە شەوی رابردوو لە هوتێل رۆتانا لە هەولێر بە ئامادەبوونی  بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی و باڵیۆزی یۆنان لە عێراق جۆرجیۆس ئەلمانۆس، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بەڕێوەچوو.

كامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 16.4.2025 بە 964ی راگەیاند، بڕیارە هەفتانە دوو گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و ئەسینا ئەنجام بدرێت و فڕۆكەكانیش لە یۆنانەوە دێن بۆ ئەنجامدانی گەشتەكان و هێڵە ئاسمانییەكە یۆنانییە.

“ئەی جی ئێن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی فڕۆكەوانییە لە یۆنان و ئەندامی گرووپی ستار ئەلیانزە، كە كۆمەڵێك هێڵی ئاسمانی ناودار لەخۆدەگرێت، وەك لۆفتهانزا و توركیش ئێرلاینز، سوێس ئێرلاینز و مسڕییە و چەندانی دیكەش، هەروەها بەنیازن مانگی شەش گەشتەكان بۆ سێ گەشتی هەفتانە زیاد بكرێن لە نێوان هەولێر و ئەسینا”، كامەران سەڵاح باجگر وای وت.

بە قسەی باجگر، كردنەوەی ئەو هێڵە لەگەڵ كوردستان ئاسانكارییەكی گەورەیە بۆ كوردانی نیشتەجێی ئەوروپا و كورتكردنەوەی رێگایە بۆ هاتوچۆی كوردستان، بە تایبەتی بۆ كوردانی سوێد، بەریتانیا، ئیسپانیا و ئیتالیا، كە ماوەی گەشتەكان دوو كاتژمێر و 40 خولەكە.

كۆبوونەوەیەك لەگەڵ باڵیۆزی یۆنان

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر وتیشی، لەگەڵ باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، دوێنێ لە هەولێر كۆبووینەوە و باس لە پەیوەندیی بازرگانیی نێوان كوردستان و یۆنان كرا، “داوامان كرد پەرە بە بواری وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولا بدرێت و كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنان بێنە كوردستان و كار بكەن”.

ئاماژەی بەوەدا، داوایان لە باڵیۆزی یۆنان كردووە كارئاسانی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان بكرێت بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ سەردانی یۆنان.

باجگر ئاشكراشی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەسەر ئەنجامدانی دیدارێکی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا و بازرگانانی یۆنان و هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کرد، کونسوڵخانەی یۆنان لە هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەماهەنگی دەکەن بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە لە داهاتوویەکی نزیکدا.