سنوورى حەمرین

مێردمنداڵێک لەکاتى دەستکاریکردنى تەقەمەنى گیانى لەدەست دا

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

درەنگانێکى شەوى رابردوو، مێردمنداڵێکى تەمەن 15 ساڵ، لەکاتى دەستکاریکردنى مووشەکێک لە سنوورى حەمرین، پێیدا دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدات.

لیوا حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتیی خورماتوو بە 964ـی وت،”ئەوەی تەقیوەتەوە مووشەکی پاشماوەی جەنگی بووە، چونکە تائێستا ناوچەکە بەتەواوەتى پاکنەکراوەتەوە لە پاشماوە جەنگییەکانی سەردەمی چەکدارانی داعش”.

دەشڵێت: ئەمەش یەکەم جار نییە پاشماوەى جەنگى و تەقەمەنى بە خەڵکدا بتەقێتەوە و پێشتریش چەند جارێک حاڵەتى لەم شێوەیە هەبووە.

” مێردمندڵەکە تەمەنی 15 ساڵە و خوێندکاری پۆلی یەکەمی ناوەندییە، لەگەڵ باوکی پیشەی مەڕداری دەکەن و شەوى رابردوو لەکاتی بردنەوەی مەڕەکانیان بۆ ماڵەوە لە رێگا مووشەکێکی پاشماوەی جەنگى بینیوە و دەستکارى کردووە، بەوهۆیەوە پێیدا تەقیوەتەوە، سەرەتا بریندار بووە، بەڵام لە کاتى گەیاندنى بە نەخۆشخانە، گیانى لەدەستداوە”، بەڕێوەبەرى پۆلیسى خورماتوو واى وت.

ناوچەی حەمرین دوا سنووری ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق و ساڵانێکە بووەتە حەشارگەی چەکدارانی داعش، ناوە ناوەش ئۆپەراسیۆن و کێوماڵ بۆ سەر چەکدارە پەڕاگەندەکانى داعش و موڵگەکانیان ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئێستاشى لەگەڵدابێت، مەترسى چەکدارەکان ماوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

مین بە هاوڵاتییەکدا تەقییەوە

مین بە هاوڵاتییەکدا تەقییەوە