رەنگە سەنتەری دیكەش بكرێتەوە

یەکەم سەنتەری حكومی بۆ ئۆتیزم لە کەلار کرایەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

یەکەم سەنتەری حكومی بۆ ئۆتیزم لە قەزای کەلار کرایەوە، لە رێگەی پڕکردنەوەی فورمێکیشەوە بەپێی رێژەی تووشبوونیان، منداڵانی ئۆتیزم وەردەگیرێن.

ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان، ئەمڕۆ یەكشەممە 13.4.2025 بە 964ى وت،”بینایەکی سەر بە وەزارەتمان ھەبوو لە رێگەی خێرخواز و رێکخراوەوە نۆژەنمان کردەوە و پێداویستیەکانی سەنتەرەکەمان کڕی”.

“راژەی ھەشت کارمەندی میلاکی چەند فەرمانگەیەکی دیکەی سنووری کەلارمان گواستەوە، بۆ ئەوەی لە سەنتەرەکە کار بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا 17 کەسی دیکەمان وەرگرتووە، کە توێژەر و شارەزان لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم و بە شێوەی خۆبەخش کاردەکەن، بەڵێنمان پێدراوە لە داھاتوودا ئەوانەش دابمەزرێن”، ژیلوان عادل وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو خێزانانەی تووشبوی ئۆتیزمیان ھەیە دەبێت فۆرم پڕبکەنەوە و بەپێی رێژەی تووشبونیان لە سەنتەرەکە وەردەگیرێن، ئەو خێزانانەشی باردۆخی ئابوورییان باش نییە، لەپێشترن بۆ وەرگرتن لە سەنتەرەکە”.

ژیلوان عادل وتیشی، “خێرخواز ھاتوونەتە پێشەوە بینامان بۆ دروست بکەن بە شێوەی خۆبەخشی بیکەین بە سەنتەری ئۆتیزم، ئەگەر زانیمان ئەم سەنتەرەی کەلار بەش ناکات، ئەوا لە رێگەی ئەو خێرخوازانەوە سەنتەرێکی دیکەی حکومی لە ناحیەی رزگاری دەکەینەوە”.

ھیچ ئامارێکی فەرمی نییە، کە چەند تووشبووی ئۆتیزم لە گەرمیان هەن، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 300 توشبووی ئۆتیزم لە سنوورەكەدا هەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا