قەزای دوزخورماتوو - وێنە: 964
تابلۆیەک بووە بە بەڵا
بەڕێوەبەری شارەوانیی دوزخورماتوو بۆ ماوەی دوو مانگ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
سکاڵای ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری شارەوانیی دوزخورماتووی بۆ ماوەی دوو مانگ لە پۆستەکەی دوورخستەوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت سەبارەت بەو سکاڵایانەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا لەسەری تۆماری کردووە.
کە وەک لە سکاڵاکەیدا هەیە، بەشێکی پەیوەندی بە “گەندەڵییەوە” ھەیە.
ئەو ئەندامە لە سکاڵاکەیەدا کە پەیامنێری 964 سۆراغی کردووە دەڵێت، پڕۆژە هەبووە لە قەزای دوزخورماتودا یەک ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، بەڵام تەنیا نیوەی ئەو بڕە خەرجکراوە، لەگەڵیدا واژۆ و خەتم لە شارەوانییەکە ساختەکراوە.
بەڵام، ئەمە لەلای شارەوانی جیاوازتر قسەی لەسەر دەکرێ، مەرعی رەشید، بەڕێوەبەری شارەوانیی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراوە بێ بنەمان و ھۆکاری سەرەکی ئەوەی دروستکراوە “سکاڵاکە” بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی پردێکی جووت سایدمان دروستکردووە، لەناو سەنتەری قەزاکە و پێداگیریمان کرد کە دەەبێت بە ھەر چوار زمانەکە ناوی پردی شەھیدانی لێ بنووسرێت.
وتیشی، بەڵام، دیارە لایەنێک بابەتەکەیان بەدڵ نەبووە و لەوکاتەوە دژایەتیمان دەکەن و چەند رۆژێک پێش ئێستاش هەمان ئەندامی ئەنجومەن بێ گوێدانە یاسا، هەستا بەلادانی ئەو تابلۆیە و لە شوێنەکەی تابلۆیەکی تری داناوە و تەنیا بە زمانی تورکمانی ناوی شەهیدانیانی لێ نووسیوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، چونکە ھەموو پێکھاتەکانی قەزاکە بەبێ جیاوازی شەھید و قوربانیان داوە لە پێناو شارەکەدا.
964 پەیوەندی بە یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کرد کە لەنەتەوەی کوردە، ئەو وتی، بڵاوکردنەوەی نووسراوی گەندەڵی لەلایەن ئەو ئەندامەی ئەنجومەنەوە پێچەوانەی یاسایە و پێشتر چەندین دۆسیە و تۆمەتی تری ئاراستەی فەرمانگەکانی تر کردووە، لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بەڵام ئەم ئەندامەی ئەنجومەن، کە لە نەتەوەی تورکمانە، وەکو دژایەتیەک بەرامبەر شارەوانی، دەچێت دووبارە دۆسیەی کۆنی بەرێوەبەری شارەوانی دەجوڵێنێت و نووسراوەکان لە سۆشیال میدیا بڵاودەکاتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدوای بابەتەکە چووە، دەڵێت، ئەوان پەیوەندییان بە پارێزگای سەڵاحەدینەوە کردووە و دەبێت لێکۆڵینەوەی چڕ لەگەڵ ئەو ئەندام ئەنجومەنەدا بکەن و سبەی دووشەممە 14.4.2025، کۆبونەوەی بەرفراوانیان لەگەڵ پارێزگاردا دەبێت، بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا