بەڕێوەبەرى هاتوچۆ: کارمەندێکمان دیار نەماوەو ئەو گومانە دروستبووە
سەرچاوەیەک لە هاتوچۆ:کارمەندێکى هاتوچۆى راپەڕین بڕە پارەیەکى زۆرى بردووە و رایکردووە
964+
وریا فەتاح
دەنگۆى ئەوە هەیە، کارمەندێکى بەشى ژمێریارى هاتوچۆى راپەڕین بڕەپارەیەکى زۆرى بردبێت و دیارنەماوە، وتەبێژى هاتوچۆى راپەڕین دەڵێت، لێدوان نادەین، بەڕێوەبەرى هاتوچۆش دەڵێت،”کارمەندێکمان دیارنەماوە، لەخۆیەوە ئەو گومانەى لەسەر دروستبووە”.
964 لەسەرچاوەیەکى باوەڕپێکراوى ناو هاتوچۆى راپەڕین زانیارى ئەوەى وەگرتووە، کە کارمەندێکى هاتوچۆى راپەڕین دیارنەماوە و لە پێنجشەممەوە دەوامى نەکردووە و گومانەکانیش بەو ئاراستەیەن پارەیەکى زۆرى بردبێت.
وەک ئەوەى باسى دەکات، کارمەندەکە لە بەشى ژمێریارى هاتوچۆى راپەڕینە، دواى ئەوەى نەهاتووە بۆ دەوام سەیرى قاسەکە کراوە و هیچ پارەیەکى تێدا نییە، بۆیە گومان دەکەن پارەکەى بردبێت و رایکردبێت.
هەرچەندە بڕەپارەکە دیارینەکراوە، بەڵام وەک باس دەکرێت زۆرە.
وەک ئەوەى سەرچاوەکە باسى دەکات، لیژنەى لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و دەیانەوێت بزانن ئەو بڕە پارەیەى دیار نییە، چەندە.
964 لەسەر ئەو بابەتە، قسەى لەگەڵ نەقیب عەلى وتەبێژى هاتوچۆى راپەڕین کرد، ئەو باسى لەوەکرد کە بڕیاریانداوە لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێکى رۆژنامەوانى نەدەن.
لاى خۆیەوە، حەسەن بەکر، بەڕێوەبەرى هاتوچۆى راپەڕین بە 964ـى وت،”کارمەندێک دیارنەماوە، لەخۆیەوە گومان دروستبووە کە پارەى بردبێت”.
دەشڵێت، ئەو پارەیەى باس دەکرێت کە کارمەندەکە بردبێتى، زۆر زۆرە و هاتوچۆى راپەرین بە سێ مانگیش ناتوانێت ئەو بڕە پارەیەى هەبێت.
“لە دائیرەدا ئەوپەڕى 50 ملیۆن دینار هەیە”