19ـى مانگ جارێکى تر کۆدەبنەوە

ئێران و ئەمەریکا لە دانوستانى ناڕاستەوخۆ رازین

964+

وریا فەتاح

دوابەدواى کۆتاییهاتنى دانوستانى ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندى تاران و واشنتۆن، نێردەى تایبەتى ترەمپ، دەڵێت: دانوستانەکان بنیاتنەرانە بوون و بەشێوەیەکى ئەرێنى بەڕێوە چوون، وەزیرى دەرەوەى ئێرانیش هەمان بۆچوونى هەیە.

ستیڤن ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەر بەڕێوەچووە.

لاى خۆیەوە، کۆشکى سپى پشتڕاستى کردەوە کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران زۆر ئەرێنى و بنیاتنەرانە بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، نوێنەری ئەمەریکا دڵنیایی دەداتە وەزیری دەرەوەی ئێران کە رێنمایی لە ترەمپ وەرگرتووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە، ئەگەر بتوانرێت.

هەرچى ئێرانە، لە زارى عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە رایگەیاندووە کە دانوستانێکى ناڕاستەوخۆى بنیاتنەرانەیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.

“کەشێکى ئارام و رێزگرتنێکى هاوبەش و پتەوى و بنیاتنەرانە، کەشى کۆبوونەوەکە بوون” ، عێراقچى واى وتووە.

لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خولی دووەمی دانوستاندنەکانی تاران و واشنتۆن لە 19ـی نیسان لە عومان لە هەمان ئاستدا بەڕێوەدەچێت.

عێراقچى وتوشیەتى،”باوەڕم وایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە دامەزراندنی بناغەکانی دانوستان، ئەگەر بتوانین لە کۆبوونەوەی داهاتوودا ئەوە کۆتایی پێبهێنین، ئەوا ڕێگایەکی دوورمان بڕیوە”.

شاندى ئەمەریکا و ئێران لە مەسقەتى پایتەختى عومان، بە نێوەندگیرى وڵاتى خانەخوێ، خولى یەکەمى دانوستانى ناڕاستەوخۆیان ئەنجامدا، وەکخۆشیان باسى دەکەن، بنیاتنەرانە و ئەرێنى بووە.

دانوستانەکەی ئێران و ئەمریکا بۆ هەفتەی هەڵگیرا

دانوستانەکەی ئێران و ئەمریکا بۆ هەفتەی هەڵگیرا