پێنج هەزار کتێبی تیادایە
کتێبخانەیەک لەناو کێڵگەی کشتوکاڵی کوردستان کرایەوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە ناو کێڵگەیەکی کشتوکاڵی سنووری پارێزگای هەڵەبجە چەندین بەشی جیاواز کراوەتەوە و لە ناویاندا کتێبخانەیەک بۆ سەردانیکەرانی کێڵگەکە دروست کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 12.4.2025 لە کێڵگەی کشتوکاڵی کوردستان کە پرۆژەیەکی کشتوکاڵی گەشتیاری گەورەیە و دەکەوێتە نزیک گوندی تەپەکوڕە ،رۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن بۆ بینینی بەشە جیاوازەکانی ناو کێڵگەکە، چەند بەشێکی نوێ کرانەوە و لەناویشیاندا کتێبخانەیەک و دیواربەندێکی تایبەت بە وێنەی کەسایەتیەکانی ناوچەکە.
حامید ئیسماعیل خاوەنی کێڵگەکە بە 964ـی وت، ئامانجیان لە کردنەوەی ئەم بەشە نوێیە رەخساندنی کەشێکی جیاوازە بۆ سەردانیکەران، کێڵگەکەیان وا دیزاین کردووە کە گەشتیار لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانیەوە هەتا 12:00ـەی شەو بتوانێت لێرە بمێنێتەوە و سەردانی بەشە جیاوازەکان بکات، بەشێک لە کتێبەکان لەسەر ئەستۆی خۆیان کڕدراون و بەشێکی دیکەش لەلایەن کەسایەتیەکانی ناوچەکەوە بەخشراون و لە ئێستادا کێڵگەکە خاوەنی نزیکەی پێنج هەزار کتێبە.
هەرچەندە بەهۆی بچووکی کتێبخانەکەوە هەموو کتێبەکان نەتوانراون دابنرێن بەڵام لە پلانماندایە کە شوێنی کتێبەکان گەورەتر بکەین و بۆ ئەوەی بتوانین هەموو کتێبەکان لەو بەشە نوێیەدا دابنێین، لەپاڵ کتێبخانەکەشدا دیواربەندێکمان درووستکردووە بۆ 37 کەسایەتی هەڵەبجە، هەورامان و شارەزوور کە لە 150 ساڵی رابردوودا لە ناوچەکە ژیاون و لە ئێستادا لە ژیاندا نەماون، حامید ئیسماعیل وای وت.
کێڵگەی کوردستان یەکەمین کێڵگەی گەشتیارییە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، چەندین جۆری سەوزە و میوەی جیاوازی تێدایە، لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکاندا، هاوڵاتیان سەردانی دەکەن و بەدەستی خۆیان لە بەرهەمەکانی کێڵگەکە لێدەکەنەوە، لە رۆژە پشووەکانیشدا بازارچەیەکی بچووکی تێدایە کە خانمانی دەستڕەنگین بەرهەمەکانیان نمایشدەکەن، لەپاڵ خواردنگە و چایخانەشدا چالاکی و یاری جۆراوجۆریشی بۆ منداڵان تێدایە و هەموو تەمەنە جیاوازەکان دەتوانن کاتێکی خۆش لە کێڵگەکەدا بەسەربەرن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی