20 سەرۆک و 120 وەزیر بەشدارن

لە ئەنتالیا گەورەترین کۆڕبەندی دیبلۆماسی بەڕێوە دەچێت.. سەرۆکی هەرێم لەوێیە

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ لە شاری ئەنتالیای تورکیا یەکێک لە گەورەترین کۆڕبەندەکانی دیبلۆماسی جیهان بەڕێوە دەچێت و تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

کۆڕبەندەکە ناوی لێ نراوە ”دەستگرتن بە دیبلۆماسییەت لە جیهانێکی دابەشبوودا”، ئەمڕۆ هەینی 11.04.2025 یەکەم رۆژیەتی و هەتا 13ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

کۆڕبەندەکە زۆر گەورەیە، چوار هەزار میوان بانگکراون، 20 سەرۆکی دەوڵەت لەوێن لەگەڵ 50 وەزیری دەرەوەو 70 وەزیری دیکە و 60 نوێنەری پلەباڵای رێکخراوە جیهانییەکان.

رادیۆی مۆنتیکارلۆ نوسیویەتی: ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی باشە، چونکە لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا زۆربەی سەرۆکە بەشداربووەکان بە دوو قۆڵی پێکەوە دەدانیشن و گفتوگۆیان دەبێت.

سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە 20 سەرۆکەکە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشتکراوە.

سەرۆکی هەرێم بۆ دوو خولی پێشووی ئەم کۆڕبەندە لە ساڵانی 2022 و 2024 بانگکرابوو، ساڵی 2023 بە هۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە نەکرا.

بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم (ژمارە 1ی ساڵی 2005) سەرۆکی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات و بەناویانەوە دەدوێت.

ئەمڕۆ کۆڕبەندی کولتووریی عەرەبی - کوردی بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ کۆڕبەندی کولتووریی عەرەبی - کوردی بەڕێوەدەچێت