ئاڵاى خەت خەتەکە رەنگ سور و سپى و شسنەکە کە ئەستێرەى تیایە هى ئەمەریکایە، ئاڵا سورەکەش هى چینە
سبەینێ یەکێتى ئەوروپاش دێتە ریزەوە
چین وەڵامى ئەمەریکاى دایەوە: باجى 84%ى بەسەر کاڵاى ئەمەریکى دا سەپاند
964+
وریا فەتاح
لە سبەینێوە، وەزارەتى دارایى چین، باجى 84% بەسەر کاڵا ئەمەریکییەکاندا دەسەپێنێت، ئەوەش لە وەڵامى ترەمپە کە باجى سەر کاڵا چینییەکانى بۆ لەسەدا 104 بەرز کردبووەوە. هەر چین نا، بڕیارە سبەینێ ئەورووپییەکانیش هەڵوێست وەربگرن و بە سەپاندنى باج بەسەر کاڵاى ئەمەریکى وەڵامى ترەمپ بدەنەوە.
هەفتەى رابردوو، ترەمپ باجى گومرگى بەسەر زۆر وڵاتدا سەپاند کە عێراقیشى تێدابوو، بەڵام باجى گومرگى بۆ کاڵا چینییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە قورس و گەورە بوو، چونکە باجەکە بۆ لەسەدا 104 بەرز بووەتەوە.
ئەو باجانەى ترەمپ سەپاندوویەتى، شڵەژانى ئابوورى دروستکردووەو بووەتە هۆى خاوبوونەوەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى، بەمەش دەیان کۆمپانیا و سەرمایەدا ملیاران دۆلار زیانیان پێگەیشتووە و نرخى نەوتیش بۆ نزمترین ئاستى لە سێ ساڵى رابردوودا دابەزیوە.
چین لەو هەنگاوانەى ترەمپ نیگەرانە و بە راپۆرتێکیش رێکخراوى بازرگانى جیهانى لەوە ئاگادار کردووەتەوە.
ئەوەى لە راپۆرتەکەى چین داهاتووە و بە ئاژانسى رۆیتەرز گەیشتووە، چین وتویەتى،”دۆخەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەی سەندووە، بۆیە وەک یەکێک لە ئەندامانى زیانلێکەوتوو، هەنگاوى توند دەگرینەبەر”.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ، وڵاتانى یەکێتى ئەورووپا رێوشوێنى بەرپەرچدانەوە بۆ بڕیارەکانى ترەمپ پەسەند بکەن و ببنە هاوڕاى چین و کەنەدا بۆ ئەو بابەتە.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە رۆیتەرز دەستى کەوتووە، کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە سیاسەتی بازرگانی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەدەبات.، پێشنیاری سەپاندنى باجى گومرگى بەسەر کاڵا ئەمەریکییەکاندا کردووە کە لە 25% کەمتر نەبێت.