دیمەنێک کە لە فیلمەکە وەرگیراوە.
سکاڵا لەسەر دەرهێنەر و کارەکتەرانی فیلمەکە تۆمارکرا
کاردانەوەکان بۆ نمایشی فیلمی بەڕازیلییە شینەکە لە هەولێر بەردەوامە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
کاردانەوەکان بۆ نمایشی فیلمی سینەمایی بەڕازیلییە شینەکە لە هەولێر بەردەوامە و کەسوکاری خاوەنی بەڕازیلییەکە سکاڵایان لەسەر دەرهێنەری فیلمەکە تۆمار کرد.
موخلیس موحسین، برای تەحسین کە لە فیلمەکەدا بە کارەکتەری تەعۆ ناوهێنراوە، بە 964ـی وت، “دوێنێ سکاڵای یاساییمان لەسەر کارەکتەر و دەرهێنەرانی فیلمەکە تۆمار کردووە و هەموو خەڵک شایەدی ئەوە دەدەن کە برای ئێمە کەسێکی مەرد و بوێر بووە و داوا دەکەین نمایشکردنی فیلمەکە رابگیرێت”.
باسی لەوەشکرد، فیلمەکە هیچ سیفەتێکی باشی تێدانیە و ساڵی نەوەدەکان هەروا بووە و خەڵک زۆربەی شەڕ و کێشەی هەبووە، بەڕازیلییەکەش هی براکەم بووە و نەیدزیوە و رەنگیشی سوور بووە، دەرهێنەرەکە کە باس لە کەسایەتی براکەم دەکات، چیرۆکەکەیان لە تەعۆی ئێمەوە وەرگرتووە و فیلمەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە”.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە داروین وەیسی، نووسەری سیناریۆ و دەرهێنەری فیلمەکە، ئەو وتی، “ئێمە فیلمەکەمان لەسەر چیرۆکێک بنیات ناوە کە پەیوەست نییە بە هیچ کەسێک و ئەوان سەربەخۆ کێشەیان بۆ خۆیان دروست کردوە”.
وتیشی، چەند کەسێکی ئەو خێزانە پەیوەندیان بە ئێمەوە کردووە و ئێمەش پێمانوتوون بڕۆن سەیری فیلمەکە بکەن ئینجا بڕیار بدەن، دوای ئەوەی سەیری فیلمەکەیان کردووە، داوایان لێکردووین کە دیمەنی کوشتنی فەعۆ لە فیلمەکە لابدەین”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری