دیمەنی بازاڕی لەنگەی هەولێر وێنە: شارەوانی هەولێر
لەپێناو پاراستنی سەروماڵی کاسبکاران
هەڵمەتی رێکخستنەوەی بازاڕی لەنگە بەردەوامە
964+
ژێوار خدر
هەڵمەتی کۆکردنەوە و لابردنی پەردە لە لەنگەی هەولێر بەردەوامە لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسیەکانی ئاگر کەوتنەوە.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە، بۆ لادان و لێکردنەوەی پەردەی بەردەم دوکانەکانی لەنگەی هەولێر، بردنە ژوورەوەی کەلوپەل و شتومەکەکانیان.
دەشڵێت، مەبەست لە راگەیاندنی ئەم هەڵمەتە، کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی ئاگر و دوورکەوتنەوەیە لە رووداوی نەخوازراو، بەهۆی ئەوەی پەردە و جلوبەرگی لەنگە مەترسین بۆ تەشەنەکردنی رووداوەکانی ئاگر ئەوەش لە پێناو پاراستنی سەروماڵی کاسبکاران و زەرەرمەند نەبوونیانە .