یوسف زێدان نووسەر و بیرمەندی ناسراوی میسری
چی روویدا؟
یوسف زێدان داوای لێبوردنی كرد و نایەتە هەولێر
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
نووسەر و بیرمەندی میسری، یوسف زیدان، رایگەیاند بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی هەولێر ناکات و ئامادەنابێت، راشیگەیاند، ئەوانەی هەڵمەتیان دژی ئەو بەرپا كرد پاشماوەی ئیخوانەكانن.
یوسف زێدان نووسەر و بیرمەندی ناسراوی میسری، لە خولی 17مینی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب میوان بوو، كە چوارشەممە دەستپێدەكات، بەڵام لە رۆژانی رابردوو لە هەرێمی كوردستان هێرشی توندی كرایەسەر بەهۆی ئەوەی لە یەكێك لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكان لە میسر، قسەی نەشیاوی بە سەركردەی مێژوویی ئیسلام و كورد سەڵاحەدین ئەیووبی وتووە.
یوسف زێدان لەگەڵ ئەوەی لە لایەن خانەی مەدای رێكخەری پێشانگەكە داوەت كرابوو، بڕیار چوار رۆژ لە هەولێر بێت، بەڵام دوای هەڵمەتەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 5.4.2025 رایگەیاند، داوای لێبوردن دەكات ناتوانێت لە پێشانگەی كتێبی هەولێر ئامادەبێت.
زێدان هۆكاری نەهاتنەكەی روونكردەوە و دەڵێت پەیوەندی بەو “هەڵمەتە ناگەیشتن”ـە هەیە، كە كراوەتەسەری و پێی وایە ئەوانەی لە پشت هەڵمەتەکەوەن “پاشماوەکانی ئیخوان” و “پاسەوانی گەمژەكان”ـن.
یوسف زێدان ئاماژەی بەوە كردووە، دەزانێت ئەو هێرشانەی دەكرێنەسەری، بەهۆی قسە و هێرشەكانی بووە بۆ سەر سەڵاحەدینی ئەیوبی، ئەوەش رووندەكاتەوە “سەڵاحەدین رەمزێكی كوردییە، بەڵام كورد نییە”.
یوسف زیدان بەوە ناسراوە بەرگرییەكی زۆری لە كێشەی كورد كردووە و دەیان وتار و كۆڕ و سیمینار و بەرنامە و بابەتی رۆژنامەوانی لەسەر كێشەی كورد نووسیوە و ئەنجامداوە.