دارا ئەنوەر زۆراب - کۆمەڵناس
كۆمەڵناس دارا ئەنوەر:
“كوشتن و مادە هۆشبەرەكان بوونەتە مەترسی لەسەر كۆمەڵگەی كوردی”
964+
محەمەد فاتیح
كۆمەڵناس دارا ئەنوەر زۆراب رایگەیاند، تاوانی كوشتن و ئالودەبوونی مادە هۆشبەرەكان بوونەتە مەترسی بۆ سەر كۆمەڵگەی كوردى له هەرێمی كوردستان.
كۆمەڵناس دارا ئەنوەر زۆراب لە لێدوانێكی تایبەتدا بە
964ـى وت، لە دیدی منەوە ئەو حاڵەتانەی مەترسین بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی كورديدا بریتییە لە حاڵەتی كوشتن و بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان.
وتيشى، “كوشتن لە كۆمەڵگەی ئێمە دەرئەنجامی ئەوەیە كە بارودۆخی ئابووری، كۆمەڵایەتی ، سیاسی، كەلتوری، فەرهەنگی و هونەری و تادوایی، رێگە نادات مرۆڤی كورد گەشە بكات، نموونە ئەو یەك دوو حاڵەتەی بەم نزیكانە لە هەرێمی كوردستان روویاندا كە چاوەڕوان نەكراو بوو.”
“پەیوەندی ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای لەیەكتر تێگەیشتن و چارەسەركردنی كێشەكان بنیاتنەنراوە، غیابی دیالۆگ و گفتوگركردن لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەدا و لەسەر بنەمای سەپاندنی بیروڕای خۆی بەسەر ئەوانی تردا پاڵنەرێكن بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەكان و پەنابردن بۆ توندوتیژی.” دارا ئەنوەر وای وت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە كوردستان غیابی پەروەردەیی هەیە و تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە تەنها لە قوتابخانە و خێزان پەروەردە ناكرێن بەڵكو لە ژێر كاریگەری تەكنەلۆژیا و گۆڕانكاریەكانی دونیای ئەمڕۆدا بەتایبەت سۆشیال میدیا كاریگەری دەخەنەسەر ئاڕاستەكردنی تاك لە كۆمەڵگەی كوردیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی نەدۆزینەوەی رێگەیەكی دروستی پەروەردە كردن و دووچاری گرفتی دەرونی ببنەوە.
ئەو كۆمەڵناسە پێی وایە بڵاوبونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان بارودۆخی تەندروستی تاك بەرەو داڕوحان دەبات و بەتێكچونی سایكلۆژی تاكە كەسیەكەوە ناوەستێت و پەل دەهاوێت بۆ ئەوانی تر و دۆخێكی سایكلۆژی ناتەندروستی گشتی دروست دەكات، ئەمەش سەرباری گرفتە تەندروستی و دەرونیەكانی، هۆكارە بۆ دروستبوونی تاكێك كارەكتەرێكی بەهێز و خاوەن متمانە و ئیرادەی خۆی نەبێت و كۆمەڵگەیەكی ناتەندروست دروست دەبێت.
باسی لەوەشکرد، مادەی هۆشبەر مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر ئێستای كۆمەڵگی كوردی و ئەم مەترسیەش ژیانی كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، كلتوری و پەروەردەی ئەم كۆمەڵگەیە تێكدەشكێنێت و بەرەو ئاڕاستەیەكی نادیار و داڕوخان و هەڵوەشاندنەوەی پەروەردە و ژیانی تاكەكانی دەبات.