ئێسکەپەیکەرەکەی دهۆک تەمەنی ١٨٠٠ ساڵە
زانیاری نوێ ئاشکرابوو
میدیازان – هەژین فەتاح – دهۆک
ئێسکە پەیکەری کچێکی ٢٥ ساڵان لە مۆزەخانەی دهۆک پارێزراوە کە مێژووی مردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارو ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا.
ساڵی ٢٠٠٩، لەو کاتەی بەردی بناغەی تەلەفریکی چیای زاوا دانرا، لەکاتی ئیش کردن تێیدا گۆڕستانێک دۆزرایەوە، دەرکەوت مێژووی تەرمەکانی بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، هەر بەهۆی ئەمەشەوە دیزاینی پڕۆژەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات.
لەناو گۆڕستانەکە بۆ پشکنین یەک گۆڕیان هەڵدرایەوەو ئێسکە پەیکەرەکەی برا بۆ مۆزەخانەی دهۆک.
بێکەس جەمالەدین، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک دەڵێ، لیژنەیەک لە پسپۆڕانی شوێنەواری سەر بە زانکۆی ئودونی ئیتاڵی، پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ ئەو ئێسکە پەیکەرە کردو ئەوەیان ساغ کردۆتەوە کە کچەو کاتی مردنەکەی تەمەنی ٢٥ ساڵ بووە.
” ئێسکە پەیکەری کچێکی ٢٥ ساڵان لە مۆزەخانەی دهۆک پارێزراوە کە مێژووی مردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارو ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا”
گۆڕستانەکە کە لە پڕۆژەی تەلەفریکی چیای زاوا جیا کراوەتەوە، تا ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە، هێشتا ئەوە روون نەبووەتەوە کە گۆڕستانەکە، گۆڕستانێکی میرو دەسەلاتدارانی ناوچەکە بووە یان ئاینی بووە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک وتی “بەپێی ئەنجامی لیژنەکە بێت، تەرمی ئەو کچە لەناو سەندوقێک دانراوەو بەخاک سپێردراوە، ئەو سندوقەش لە خۆڵ دروستکراوە، بەڵام پێش وەختە قوڕەکە گیراوەتەوە وەک ئەوەی کە گۆزەیەک دروست بکەی، دواتر سوتێنراوە بۆ ئەوەی پتەو بێت و توانای مانەوەی هەبێت”.
ئەو تیمەی پشکنینیان بۆ تەرمەکە کردووە ئەوەیان ساغ نەکردووەتەوە ئاخۆ کچەکە بەچی گیانی لەدەست داوە.