بەلەمێک لە رووباری سیروان. فۆتۆ: گەشتوگوزاری هەڵەبجە
مەرجی سەلامەتیان نییە
گەشتوگوزاری هەڵەبجە: بەلەمەکانی رووباری سیروان مەترسیدارن
964+
ژووری هەواڵ
گەشتوگوزاری هەڵەبجە هۆشداری دەدات بەو کەسانەی کە بۆ گەشت و سەیران دەچنە نزیک رووباری سیروان و دەڵێت، بەشێک لەو بەلەمانەی لە رووبارەکە بەکاردەهێنرێن مەترسیدارن و بۆ گەشتیاری نابن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.4.2025، هەورامان جەلال، وتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتییانەوە گلەییان پێگەیشتووە کە ئەو بەلەمانەی لە روباری سیروان و بەتایبەت ناوچە گەشتیارییەکانی وەک هانەژاڵە و ئیمامی زامن بەکاردێن جێگەی مەترسین و ئەگەری نقومبوونیان هەیە.
“ئەو بەلەمانە تەنیا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و مەروماڵات و راوەماسی بەکاردێن، بۆ مەبەستی گەشتیاری بەکەڵک نایەن”، وتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە وا دەڵێت.
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە رایگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە نە ئێستا و نە پێشتریش بە بەلەمی گەشتیاریمان دانەناون و چەندین جار سەردانمان کردون هیچ مەرجێکی سەلامەتی و تایبەت مەندی گەشتیاریان تێدا نیە”.
راشیگەیاند، گەشتیار نابێت بەبێ بوونی هێلکەی خۆپارێزی و چوپی رزگارکردن سواری ئەو بەلەمانە ببێت و ژیانی خۆی و خێزانەکەی نەکاتە مەترسییەوە.
گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەشڵێت، گفتوگۆ و ڕێنمایی پێویست دراوە بە خاوەن بەلەمەکان کە پێویستە گەشتیار سەرنەخەن ئەگەر سەریان خست ئەبێت چوپی خۆ رزگارکردن و هێلکەی خۆپارێزی بەکاربهێنرێت، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو بەلەمانە تایبەتمەندی بەلەمی گەشتیاری تێدا نیە وەک گەشتوگوزار ناتوانین مۆڵەتیان بۆ دەربکەین.
داواش لە پۆلیس و بەرگری شارستان و قایمقامیەت دەکات، “لە ئەگەری پابەند نەبوون بە رێنماییەکان بەلەمەکان دەستیان بەسەردا بگیرێت و سزای دارایی بدرێن”.