رۆژئاواى خورماتوو
دوو کرێکار کەوتنەخوارەوە و یەکێکیان گیانى لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە ناحیەی یەسربی سەر بە قەزای بەلەدی رۆژئاوای قەزای خورماتوو، دوو کرێکار لە کاتی کارکردن، لەسەر ئەسکەلەیەکی بەرز کەوتنە خوارەوە و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و ئەوەی دیکەیان بە سەخی برینداربوو.
حەمزە عوبەیدی، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامییەتی بەلەد بە964ـی وت، “رووداوەکە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ناحیەکە روویداوە و کرێکارەکان وەک هەمو رۆژێک چوونەتە سەر کار و ئەمڕۆش لە سەر خانوویەکی بەرزی هاوڵاتییەک کاریان کردووە و لەپڕ یەکێک لە ئاسنى ئەسکەلەکان لەژێر پێیان ترازاوە و کەوتووەتە خوارەوە”.
وەک باسى دەکات، لە کاتى بەربوونەوەکە یەکێک لە کرێکارەکان سەرى بەر ئاسنێکى ئەسکەلەکە کەوتووە و دەستبەجێ گیانى لەدەستداوە، ئەوەى دیکەشیان بە سەختى بریندار بووە و رەوانەى نەخۆشخانە کراوە.
ئەو کرێکارەى گیانى لەدەستداوە، خێزاندارە و تەمەنى 27 ساڵە و باوکى سێ منداڵە و دانیشتووى ناحیەى یەسربییە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح