37 كیلۆمەترە
زیاتر لە 100 ئامێر رۆژانە كار لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە دەكەن
964+
محەمەد فاتیح
قۆناغی یەكەم و دووەم و سێیەمی پرۆژەی دووسایدی (هەولێر – کۆیە) جێبەجێکراوە و لە قۆناغی چوارەمدایە.
پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە کارکردن لە پرۆژەی دووسایدی (هەولێر – کۆیە) زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و رۆژانە زیاتر لە 100 ئامێری شۆفڵ و گرێدەر و قەڵابە و جۆرەها ئامێری دیكە و ستافی ئەندازیاری، 8 بۆ 10 کاتژمێر كارى تێدا دەکەن
رێگاكە 37 كیلۆمەترە و پانییەكەی 32 مەتره و پردێك بە درێژی 250 مەتر لەسەری دروست دەكرێت، هەروەها 5 ئۆڤەرپاسیشی تێدا دەبێت.
رۆژى 22.12.2024، بە تێچووى 560 ملیار دینار، پڕۆژەى رێگاى دووسایدى هەولێر- کۆیە، کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئێستا رێگاى هەولێر بۆ کۆیە، کە بەشێکى هاتوچۆى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕینیشى بەسەرەوەیە، رێگایەکى یەک سایدە و بەهۆى قەرەباڵغییەوە کەم رۆژ هەیە رووداوى هاتوچۆى تێدا روونەدات.
بەتەواوبوونی دەبێتە رێگایەکی ستراتیژی و ئاسانکارییەکی زۆر پێشکەش بە هاتوچۆی هاوڵاتیان لە نێوان هەولێر – کۆیە دەکات، وەك پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێكردووە.