لە دوای ١٠ ساڵ بێدەنگی، لە حەدیسە دەنگی شەمەندەفەر بیسترا
حەدیسە (ئەنبار) – میدیازان
لە گەشتێکی ئەزموونیدا کە یەکەمینە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا شەمەندەفەرێک بۆ گەیشتن بە ویستگەی ئەلحەقلانییە لە قەزای حەدیسە، بە تێپەڕبوونی بە ویستگەی سەرسار لە بێجی، لە بەغداوە مەودای ٢٦٠ کم بڕی.
مونزیر غەزای “بەڕێوەبەری هێڵی ئاسنینی ئەلحەقلانییە” بۆ میدیازان ئەوەی ئاشکراکرد کە “بەم زووانە وادەی دەستپێکردنی گەشتی شەمەندەفەری نەفەرهەڵگر لە بەغدادەوە بەرەو قائیم کە لەوپەڕی ڕۆژئاوای عێراقە دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی کاری نۆژەنکردنەوە بۆ هەموو جومگەکانی هێڵەکە بەووردی کرا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بکەوێتەوە گەڕ دوای ئەوەی لەسەر دەستی ڕێکخراوی داعش دووچاری لەناوچوون بووبۆوە.
دانیشتوانی شاری حەدیسە دڵخۆشی خۆیان دەبڕی بەبیستنی دەنگی شووتەی شەمەندەفەرەکە لەکاتی هاتنە ناوەوەی بۆناو ویستگەکە لەدوای دە ساڵ وەستان، هیوایان خواست کە “شەمەندەفەرەکە بە کردار بگەڕێتەوە بۆ خزمەتگوزاری بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە ئاسانکاری گواستنەوەی کاڵا لە نێوان پارێزگاکان و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە”.
وا هیوادەخوازرێت کە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی هێڵە ئاسنینەکان درێژبێتەوە بۆ ویستگەی ئەلقائیم لەوپەڕی ڕۆژئاوای عێراق. شایەنی باسە کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنینی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم هەنگاوە “دەستکەوتێکی گرنگە” بۆ گەڕانەوەی هێڵی گواستنەوەی (بەغداد – بێجی – حەدیسە) بۆ خزمەت، بەتێپەڕبوونی بە وێستگەی جەباب و گەیشتنی بە وێستگەی شەمەندەفەری ئەلقائیم.