لۆگۆی ئەنجومەنی ئاسایش
"كەسێكی سەر بە داعش هێرشی كرد"
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیاندراوێكی لە بارەی رووداوەكەی دهۆک بڵاوكردەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە بارەی رووداوی هێرشكردنە سەر هاوڵاتیانی كریستیان لە دهۆک لە رێوڕەسمی ئاهەنگی ئەكیتۆ، رایگەیاند، كەسێكی هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستی هێرشەكەی ئەنجامداوە و دەستگیر كراوە.
لە راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، كە شەوی رابردوو بڵاویانكردەوە، هاتووە، “لە رۆژی 1.4.2025 لە کاتێکدا کە خەڵکی پارێزگای دهۆک لە رێوڕەسمەکانی جەژنی رەمەزان و جەژنی ئەکیتۆ بوون، کەسێکی هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستیی سەر بە داعش، بە ئامێرێکی تیژەوە لە ناو بازاڕ هێرشی کردە سەر هاوڵاتیان و دوو کەسی بریندار کرد، دەستبەجێ هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک کەسی هێرشبەریان دەستگیر کرد، کە خەڵکی سوریایە”.
هەروەها ئاماژەیان بەوەش كردووە، “لێکۆڵینەوە لە سەر بابەتەکە بەردەوامە و لە دوای کۆتاییهاتنی، دەرەنجامەکان بۆ هاوڵاتیان و رای گشتی رادەگەیەنین”.