بە بەشداری نزیکەی 15 هەزار کەس
مەراسیمی جەژنی ئەکیتۆ لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچیت
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
یەکی نیسان مەراسیمی جەژنی ئەکیتۆی ئاشوورییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 15هەزار کەس بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەی شاری دهۆکدا کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە2025.4.1، جەژنی ئەکیتۆی ئاشوورییەکان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچیت، زیاتر لە 15 هەزار کەس لە دهۆک بەشدارن.
لەپارێزگای دهۆک رێپێوانێک لە کەنیسەی مەریەم لەگەڕەکی گرێباسێ دەستپێدەکات تا دەگاتە گۆڕەپانی نزیک فرۆشگای مازی، لەگۆڕەپانەکەش ئاهەنگێکی گەورە ساز دەکەن.
هاوڵاتیان لە دهۆک و هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵاتیشەوە بەشداری رێپێوان و ئاهەنگەکە دەکەن.
سەنوەر دانیال، بەرپرسی رۆشنبیریی ئاشووری لە دهۆک بە 964ـی وت،ئەمڕۆ خەڵکی ئاشووری و کریستیان لە هەموو شوێنێک و بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات هاتوونەتە رێوڕەسمی جەژنی ئەکیتۆ.
وتیشی، هەموو ساڵێک رێژەی ئاشووریان زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی زیاتر لە 15 بۆ 20 هەزار کەس دەکەن بەشدارییان کردبێت لە رێوڕەسمەکەدا.
لوسیە ئیشو، بەشداری لە رێپیوانەکەدا کردووە و بە 964ـی وت، 15 ساڵە سەردانی هەرێمی کوردستانم نەکردووە، بەڵام ئەمساڵ بۆ بەشداریکردن لە جەژنەکە گەڕاومەتەوە.
جەژنی ئەکیتۆ، سەری ساڵی نوێی سومەری – بابلی – ئاشوورییە و ئەمساڵ 6775ـە. بۆ ماوەی 12 رۆژ بە چالاکی جۆراو جۆر لە دهۆک جەژنەکە بەڕێوەدەچیت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی