دیمەنێك لە كۆڕەوەكەی 1991ی خەڵكی كوردستان
رەتكردنەوەی گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت
ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر كۆڕەوی ملیۆنیی خەڵكی كوردستان تێدەپەڕێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ دووشەممە 31.3.2025 یادی كۆڕەوە ملیۆنییەكەی خەڵكی هەرێمی كوردستانە لە دژی گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی بەعس، كە 34 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 31.3.1991 هەرێمیان بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا جێهێشت.
خەڵكی هەرێمی كوردستان دوای راپەڕینی بەهاری 1991 لە دژی دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق بە سەركردایەتی حزبی بەعس و سەدام حوسێن، كە لە ئەنجامدا بە پاڵپشتیی هێزەكانی پێشمەرگە شارەكانی كوردستانیان بە كەركوكیشەوە ئازاد كرد، لە بەرەبەیانی 31.3.1991 سوپای عێراق هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر كەركوك و شارەكانی دیكەی كوردستان ئەنجام دا و بە تانك و فڕۆكە و ژمارەیەكی زۆری سەرباز و گاردی كۆماری، لە بەرامبەر ئەوەشدا خەڵكی كوردستان ئامادەنەبوون جارێكی دیكە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو رژێمە بمێننەوە و شارەكانیان بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا جێهێشت و كۆڕەوێكی ملیۆنییان دەستپێكرد.
کۆڕەوی كوردستان، كاردانەوەی وڵاتان و گەڵانی ئازادیخوازی جیھانی بەدوای خۆیدا هێنا و وێنە و ڤیدیۆی هاوڵاتیانی كورد لەسەر سنوورەكان و برسیەتی و مردن و هێرشی فڕۆكەكانی سەدام، ھاوسۆزیی دروست كرد و پشتیوانیی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و لە ئەنجامدا وڵاتانی وەك فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا هاتنە سەر هێڵ و دواجار ناوچەی دژە فڕین دیاری كرا، كە بە هێڵی 36 ناسراوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دا سنوورێك بۆ پێشڕەوییەكانی سوپاسی عێراق دابنێت بۆ داگیركردنەوەی هەرێمی كوردستان، ئەو سنوورەی كە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە دوای گەڕانەوەی خەڵك بۆ شارەكان و سەر زێدی خۆیان، ئیتر هەڵبژاردتی 1992 ئەنجامدرا و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
یەكێك لەو كەسایەتییانەی رۆڵی گەورەی لە گەیاندنی دەنگی كورد بە دنیا و دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبوو، خاتوونی كۆچكردوو “دانیاڵ میتران” ھاوسەری فرانسۆ میترانی سەرۆکی كۆچكردووی ئەو کاتەی فەرەنسا بوو، كە یەکێکە لەوانەی رۆڵی سەرەکی بینی بۆ ئەوەی فەڕەنسا پرسی کورد بباتە و دواتر دروستبوونی “ناوچەی ئارام و دژەفڕین.
بڕیاری ناوچەی ئارام و دژەفڕین بەجۆرێك بوو، ڕژێمی عێراق نابێ ھێرشی چەکداری بکاتە سەر گەلی کورد و لە 5.4.1991 بڕیاری 688 درا و ھەروەھا بڕیاریش درا ناوچەیەکی ئارام لە سەرووی ھێڵی 36 بۆ کورد دابنرێت، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی “ئەنجەرلیک” لە تورکیا بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە (ھێزی چەکوشی ئامادە).