دیمەنێک کە باران بارین لە قەزای پێنجوێن نیشان دەدات - وێنە: ئەرشیفی 964
چاكەتی بەهاری لەبەربكەن
ئەمڕۆ كەشوهەوای جەژن باران و سەرما و بروسكەی تێدەكەوێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كەشناسیی هەرێمی كوردستان پێشبینیی دەكات ئەمڕۆ پلەكانی گەرما 6 تا 8 پلە بەراورد بە دوێنێ نزم ببنەوە، بۆیە مەڵێن جەژنە و كەشەكەی خۆشە، ئاگاتان لێ نەبێت سەرماتان دەبێت و باشترە چاكەتێكی بەهاری لەبەربكەن، بۆ ژنانیش كراسی كوردی بە تەنیا بەس نییە و شتێكی دیكەش لەبەربكەن.
تەواوی ناوچەكانی هەرێمیش نیمچەهەور بێت لەگەڵ بەردەوامی تاوەباران و بروسكە، بۆ ناوچەكانی عێراقیش هەمان بارودۆخە.
ئەمڕۆ دووشەممە 31.3.2025 بەشی پێشبینییەكانی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوكردەوە.
سەبارت بە ئەمڕۆ كەشی ئاسمان بە گشـتى لە نێوان هەوری تەواو بۆ نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بەردەوامی دابارینی تاوەباران و بروسکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، زیاتریش لە ناوچە شاخاوییەکان و سنووری رۆژهەڵات و پارێزگای سلێمانی کاریگەری دەمێنێ، پاشان بۆ کاتەکانی ئێوارە کەش سەقامگیر دەبێتەوە ئاسمان بۆ نیمچەهەور و پەڵەهەور دەگۆڕێت.
هەروەها خێرایى با لەسەرخۆ و مام ناوەند ( 10 – 20 )کم/س دەبێت، هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەروی 30 کم/ک، ئاراستەكەشی بەرەو باشووری خۆرهەڵات بۆ باکووری خۆرئاوا دەگۆڕێت .
پلەکانی گەرما/ بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە ( 6- 8 ) پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ،
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : 22 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 19پلەی سیلیزی
دهۆک : 19 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 21 پلەی سیلیزی
سۆران : 17 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان :23 پلەی سیلیزی.
هاوكات كەشوهەوای ناوچەكانی دیكەی عێراقیش بە هەمان شێوەی كوردستانە و كەشناسیی عێراق پێشبینیی باران و بروسكە و هەوای ساردی كردووە.