دواکەوتنی موچە کاریگەری خۆی هەبووە
جەژنە و خواست لەسەر گۆشت و ئاژەڵی خۆماڵی زیادیکردووە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
جەژنی رەمەزانە و خواست لەسەر گۆشت و ئاژەڵی خۆماڵی زیادیکردووە و بەڵام ئاژەڵفرۆشان رازی نین و دەڵێن، بەهۆی دواکەوتنی موچە، بازاڕیان وەک ساڵانی پێشوو گەرم نییە.
خالید ئەحمەد لە بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی هەولێر بە 964ـی وت، “بە نزیکبوونەوە لە جەژنی رەمەزان خواست لەسەر ئاژەڵی خۆماڵی زیاتر بووە، لەکاتێکدا ئاژەڵی سووری زیاتر دێت، بەڵام ئەو جۆرە ئاژەڵە رەوانەی پارێزگاکانی خوارووی عێراق دەکرێت و خەڵکی خۆمان پێیانوایە چەوری زیاترە و بۆنی دێت”.
وتیشی، لەچاو ساڵانی رابردوو بازاڕیان کزە، چونکە دواکەوتنی موچەی وایکردووە کە خەڵک جگە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی، بە کڕینی گۆشت و هەندێک پێداویستی تر راناگات.
بەقسەی هەڵمەت هەمزە، بەڕێوبەری کوشتارگەی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 123 تۆن گۆشت براوەتە ناو شاری هەولێر و لەو رێژەیەش چوار تون و 800 کیلۆی رەتکراوەتەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەو رێژەیە بۆ شارێکی وەک هەولێر کەمە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو ڕێژەیە گۆشتی سووری بەستوو پڕی دەکاتەوە و بەشێکیشی پەیوەندی بە دۆخی دارایی هاوڵاتیانەوە هەیە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری